هەتا عەیش و تەرەب بێ ڕۆژی نەورۆز
|
هەتا گوڵ بێ لە باغدا مەجلیس ئەفرۆز
|
هەتاکوو زولفی مەحبووبان بێ ئاڵۆز
|
هەتا موژگانی خاڵخاسان بێ دڵدۆز
|
هەتاکوو خاڵی سەرکوڵمان جگەرسۆز
|
هەتا نەوڕەستەگان بن عیشوەئامۆز
|
هەتا شەڵوار لەبەر لەنجە دەکەن تۆز
|
هەتا بکرێ لە ئەسپان زینی ئوڵدۆز
|
لە دەشتی یەکشەوە تا گا دەکا مۆز
|
هەتاکوو مام «نەسوڵڵا» پێی دەڵێن بۆز
|
هەتا وشتر مەهار دەکرێ بە لمبۆز
|
هەتا دێژن بە قەڵپۆز سەقزی کەڵپۆز
|
هەتا بەرغەل بەهاران بچنە ناو کۆز
|
هەتاکوو کارژیلە بکەن هەڵتۆز هەڵتۆز
|
خودا بکا دوژمنت هەر سەرنگون بێ
|
لە سەرتا بێ هەمیشە تاجی فیرۆز
|
لەبەر زوڵمی زەمانە قەت نەناڵی
|
لە باوەشتا بێ دایم دڵبەری قۆز
|