هەتا کەی گیرەوەی بەحری گوناهـ بم تۆ خوا بەس بێ
|
سەگی دەرگاهی خۆتم ئەی ڕەئیسی ئەنبیا بەس بێ
|
بە عاسیم تێمەگە خاکی بەری پێتم بە جان و دڵ
|
قەبووڵم کە لەڕێی خوا ئەی موحیببی کبریا بەس بێ
|
یەکەم زانیوە نەم کردۆتە دوو خۆی عالم الغیب ە
|
ئیتر تۆبەم قەبووڵ کا ساحیبی ئەرز و سەما بەس بێ
|
هەوای ناسازە وریابە بە سورعەت مەیخەرە جونبوش
|
هەتا کەشتی نقوم نەبوە لەڕێی خوا ناخودا بەس بێ
|
لە کوورەی دۆزەخی دونیا سوتا جەرگ و هەناوی دڵ
|
هەوایی سازگارێ بێنە ئەی بادی سەبا بەس بێ
|
تەنووری خانەیی سینەم هەڵی قرچان ڕەغیفی دڵ
|
ئەوەندەی زۆر بەگەرمی دامەخە ئەی نانەوا بەس بێ
|
جەنابی حەزرەتی ئاخون تەمەع خستووتیە فاک و فیک
|
بەسە بەس بێ شەپۆڕ و شینی دەشتی کەربەلا بەس بێ
|
هەتاکەی ئەی نەزانی زی خەبەر ئیغفالی عالەم کەی
|
لەژێر پەردەی عیبادەت دەسبڕین ئەی نا مەلا بەس بێ
|
بە زاهیر زاهیدی زوهد و بە باتیین گورگی مەڕخواردوو
|
بەسە دەس هەڵگرە بێ خێر گوناهی ژێر عەبا بەس بێ
|
بەسە ئەم قەومە جاهیلە بە حیلە هەڵفڕیواندن
|
خودای عالەم خەبەردارە بەسە ئەی ڕووسیا بەس بێ
|
ڕەفێقان وا هەموو ڕۆیین و ئێمە بۆ سەفەر ماوین
|
وەرە ڕوو کەینە قاپی خوا ئیتر ئینکاری خوا بەس بێ
|