هەتاکەی یا حسام الدین و سۆزی یا عومەرتانە
|
ئەگەر وا بێ خەبەر بن باعیسی ژینی خەتەرتانە
|
هەموو دنیا ئەزانێ ئێوە هەر شێرێ نەفەرتانە
|
لە خەو هەستن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
|
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
|
نەما ئەمڕۆ لەسەر ئەڕزا بە وێنەی ئێوە بێ مەحکووم
|
زەلیلی جەبری ئێران و گرفتارن بە دەستی ڕووم
|
لە گەنج و جەوهەری خاکا بەجارێ بێ بەش و مەحرووم
|
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیب و بێ کەس و مەزڵووم
|
بە گورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورەی وا لەبەرتانە
|
گەلێ چاتر لە ژینە ئافەت و تاعوون و مردنتان
|
هەتا وا ناحەزی یەک بن لەبۆ یەک ڕێگە گرتنتان
|
بە هیچ نابن هەتا وا بن لە یەک تاڵان و کوشتنتان
|
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
|
هەموو عان و سەعاتێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
|
وەکوو کەوسەر سەراسەر چەشمەکانی شیر و هەنگوینە
|
هەتا دڵ حەز ئەکا شاخ و کەنار و دەشتی ڕەنگینە
|
درەخت و دارەکانی سونبوڵ و ڕەیحان و نەسرینە
|
بە خۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە شیرینە
|
کە تۆزی وەک جەواهیرسوورمە و نووری بەسەرتانە
|
لەلای من لایەقن یەکسەر حوڕ و سەربەست و ئازا بن
|
هونەر ناکەن ئەگەر هەریەک ئەمیر و میر و ئاغا بن
|
ئەسەف بۆ ئێوە لەم خاکە ئەگەر مەهتووک و ڕیسوا بن
|
بەسەر ئەرزا ئەگەر نازیش بکەن هەقتانە هەر وا بن
|
تەماشای سێبەری ئەم شاخ و کێوانەی لەسەرتانە
|
ئەگەر غەربی بزانێ قیمەتی سەنگینی ئەم ئەرزە
|
لە دنیادا وڵاتی ئێوە ناوی تا فەلەک بەرزە
|
هەموو مسقاڵە خاکێکی دەوای سەد عیللەت و لەرزە
|
بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی فەرزە
|
گوڵاڵە سوورەی ئەم کێوانە خوێناوی جگەرتانە
|
بەبێ عیلمی ژیاون داخم ئێوە ئەووەڵی وەهلە
|
نەزانی و ژێردەسەی خەڵکی ئەزانم سووچی نائەهلە
|
ئەگەر هیممەت ببێ ئەمجا خەیاڵ و ئارەزوو سەهلە
|
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە
|
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
|
خەیاڵی موددەعیتان دێتە سەر گەر تاق و تەنیا بن
|
لە هەر لا جێی ئومێدن دەس لەناو دەس کەن موهەییا بن
|
سەری موفتی بڵند و بەرزە بەو شەرتەی کە ئازا بن
|
زبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ قەومینە وریا بن
|
بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گەوهەرتانە
|