هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ

هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ (1956)
by عارف عورفی
308039هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ1956عارف عورفی
هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ گەر ببینم نۆبەتێ دیداری دڵ خۆشحاڵ ئەبێ
ماڵی وێرانم ڕەقیبی باعیسی ئیهمال ئەبێ «ماری زوڵفت نۆبەچی دەوری عەقیقی ئاڵ ئەبێ
تیری موژگان پاسەوانی دەوری چاوی کاڵ ئەبێ»
من کە واڵەی پڕتەوی شەمعی وەکوو پەروانە بم بەستەیی زنجیری مووی گێسوویی جانانە بم
چۆن ئەبێ فارغ لە عەقڵ و فیکری بێ پەروا نەبم «من کە سەرمەستی سەفای ئەو نێرگسی مەستانە بم
ئاگاداریم کەی لە داوی زوڵف و دانەی خاڵ ئەبێ»
گەر چەمەن حوسنت ببینێ شەق لە سەرو و گوڵ ئەدا عەشقت ئاگر وا لە سینەی لالە و سونبول ئەدا
وەختێ شانەی عەترئامێزت لەسەر کاکۆڵ ئەدا «ناز و عیشوەی دڵفریبانت فریوی دڵ ئەدا
شەککەری گوفتاری تۆ ببیە مەسیحا لاڵ ئەبێ»
دڵ وتی وەختێ کە ڕۆژی جەژنی پڕ مەسعوودی دی بێ سەبەب قەت عیشوە ناکا سەروی قەددی مووقەدی
موشکیلە وەسفی جەماڵت بێتە غایەی سەرحەدی «دەستی ئەعجازی تەبیعەت چونکە خەتمە مەقسەدی
دەفتەری حوسنت بە خەتی سەوزی لێو ئیکمال ئەبێ»
موددەیە تالیع منی لەم کاری عەشقە ژێر ئەخست تا نەبوومە شاهی عوششاقان نەچوومە سەر تەخت
خەرمەنی ئیقبالەکەی هێنامە ژێر باری بەخت «دامەنی توڕڕەی پەرێشانت لەسەر سەفحەی ڕوخت
عوقدە بۆ حەللی تەلیسمت باعیسی ئەشکال ئەبێ»
ڕەحمێ بەم مەجنوونە سا ئەی دڵبەری ساحیب جەماڵ شادی دڵ کا نەشئەیی عەشقت بە تریاکی ویساڵ
سووڕەتت هەردەم لە شکڵێ دێتە بەر مەددی خەیاڵ «حوسنی تۆ مەستوورە خۆ یەکسەر بە زوڵف و خەت و خاڵ
موڵکی ئیسلامە بە ئوردوویی فەڕەنگ ئیشغاڵ ئەبێ»
خۆ بەتەنیا هەر دڵی من گیرەوەی سەودا نییە کەس لە داخی تۆ وەکو ئەم عاشقەت شەیدا نییە
تورکی من نەقشی جەبینی حیکمەتی یەزدانی نییە «خاڵەکەی سەر گۆنەکەت بەم ڕەشییە هێندستانییە
یاخۆ شەهزادەی عەجەم مایل بە خەرقەی شاڵ ئەبێ»


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).