هەر زەمانێ بێ تەئەممول بێتە سەر دەم ناوی تۆ
|
دێتە بیرم پورتەوی ئەسپی بەلاغەت تاوی تۆ
|
سەروەرا، بڕوا بفەرموو ڕەونەقی ڕووت بۆتە هۆی
|
نوقتەیی نووری گلێنەی هەردوو چاوم چاوی تۆ
|
پێچی پڕ پێچی کەمەندت دەست و پێی پێچاوە وا
|
موشکیلە ڕزگاری نێچیرێ کە کەوتە داوی تۆ
|
حوزنی دڵ زوو لا ئەچێ، هەم غەم بەجارێ لا ئەبا
|
گفتوگۆی شیرینی پڕ قەندی تەڕ و پاراوی تۆ
|
ماهی نەو شێوەی لە شمشێری برۆت وەرگرتووە
|
تاکو پارێز کەن لە تیغی تیژی تازەساوی تۆ
|
سەرو و عەرعەر قوڕ بپێون، دانەوێنن ڕوویی شەرم
|
گەر لەناو باغا ببینن قەددی چون لاولاوی تۆ
|
شەرتە شەرتی پیاو هەتا ماوم لە دیوانی وجوود
|
سەرفی عومری خۆم بەجارێ کەم لە ڕێ و پێناوی تۆ
|
قەد مەکە باوەڕ، گلە ڕوویدا لەڕوویی جەهلەوە
|
تاجی سەرمە چاوەکەم دەیگرمە بەر پێڵاوی تۆ
|
عومرتان بادا مەدام ئەی جانشینی پیری خاڵ
|
عومری تۆ، عومری برای تۆ، عومری تازەلاوی تۆ
|
ئەم دوو سێ شیعرەم لەلاتان با بمێنێ یادگار
|
گەر ئەبینی ساڵێکی تر عارفی فەوتاوی تۆ
|