هەر زەمان ئەو تورکی مەستە ئارەزووی نێچیر ئەکا
|
کۆمەڵی عاشق لە حەلقەی پەرچەما زنجیر ئەکا
|
گا بە شەڕ شمشێری ئەبرۆی چاک ئەکا دڵ گا میهر
|
خەمزەکەی بۆ بەقیە قولاپی مووژەی جووت گیر ئەکا
|
کافرەی بێ مروەتە وەک دەرسی سیحری خویندبێ
|
چاوی ئەگلێنێ جیهانێ سەربەسەر تەسخیر ئەکا
|
تیرەباران ماڵ ئەکا وێران و من بەختم هەیە
|
یار بە پەیکانی مووژەی وێرانی دڵ تەعمیر ئەکا
|
گا بە نەشتەر هەڵدڕن جەرگم بە گوێزان بمجنن
|
ئاگری عیشقی لە دڵما تاکو دێ تەئسیر ئەکا
|
پێی بڵێن بۆ قەتڵی ئاشق حاجەتی خەنجەر نییە
|
خەمزەکەی موژگان و ئەبرۆی کاری تیر و شیر ئەکا
|
عیللەتی پیری قەدی چەماندمەوە وەک ئەبرۆت
|
عەشقی باڵاکەت بەڵایەکە جیهانێ پیر ئەکا
|
گوێ مەدە قەولی ڕەقیبی سەگ سیفەت قوربانی تۆم
|
بەدڕەوشتە حەز بە فیتنە و شۆرش و تەزویر ئەکا
|
ناتیقی خۆتت بە دەردێک کوشتووە شام و سەحەر
|
شەرحی هیجرانت بە خوێناوی دڵی تەحریر ئەکا
|