هەر چەندە دەمێکە لە خەما غەرقەیی خوونم
|
هەر لەحزە لە دەس جەوری فەلەک مات و زەبوونم
|
بەسراوە بە زەنجیری ئەلەم گەردەنی شەوقم
|
مەشهوورە لەناو ئەهلی جیهان شۆری جنوونم
|
ئەلفی قەدەکەم ڕاست وەکوو تیری خەدەنگ بوو
|
وا خەم بووە ئێستاکە، ئەڵێی، حەلقەیی نوونم
|
مەعشووقە کە وا موونیسی ڕۆژ هەمدەمی شەو بوو
|
وەک ئاهوویی ڕەم کەردە لە چنگ بەختی نگوونم
|
دڵ مۆڵکی عەجەم، عەسکەری خەم، لەشکری سالار
|
وێرانی ئەکا ئاخری بێ سوودە فسوونم
|
مەرهەم کە شەفابەخشی برینە بە حەقیقەت
|
وەک داخی لە سەر داخە، لە بۆ داخی دەروونم
|
چونکوو هەموو شێواوە جیهان تەرز و ڕەوشتی
|
یەکسانە لە لام شادی و خەم، بوون و نەبوونم
|
سەد شوکری خوا مەرکەزی سەد میحنەت و دەردم
|
وا تێ مەگە لەم دائیرەیی چەرخە بیروونم
|
تاهیر وەکوو مەجنوون لە خەیاڵی ڕوخی لەیلا
|
دێوانە، لە سەحرا و سەراسیمە لە توونم
|