هەندێ ئیش هەیە ناکرێ سەربەخۆ
هەندێ ئیش هەیە ناکرێ سەربەخۆ | لێکی بدەوە ئینجا تێهەڵچۆ |
خۆت حەوا مەدە لەسەر هەیوانێ | شوێن پێ نەزانێ: کوێر، پێ دانانێ |
کە زانی پیاو شانس یاریدەی ئەدا | وا چاکە فرسەت لە دەست بەرنەدا |
بەڵام نەک هەروا بە هەڕۆمەڕۆ | بە تەفرەی خەڵکی زوو ببی خەڕۆ |
هەرچی بۆ بەرزی وەتەن تێکۆشێ | لیباسی فەخری تەئریخ ئەپۆشێ |
ماڵ و سەروەت و شاهی فانییە | هەر ناوی چاکە، جاویدانییە |
هەنگ کە شیرینی پێ دروست ئەکرێ | هاتە پێوەدان ئەو بۆخۆی دەمرێ |
بەوە مەنازە کەوتیە سەرەوە | وێرانەی وەتەن ئاوا کەرەوە |
کە خەڵکی زانی بۆ ئەو هەوڵ ئەدەی | ئەڵێ سەروماڵ بۆتۆ، فەرموو، دەی |
بەڵام کە زانی تۆ بۆخۆت دەوێ | ئەڵێ با بڕوا بەڵای لێ کەوێ |
زۆر خۆشە کەسێک کە پێشەوا بێ | بۆ قەومەکەی خۆی وەک چاوگ وابێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 629
1941/06/12
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|