هەندێ تەبیعەت کە ئەڵێن: دزە
هەندێ تەبیعەت کە ئەڵێن: دزە | لە وەرگرتنی پیشەی چاک کزە |
ئەبینی شوێنێ مەجلیس گیراوە | شیعر و ئادابی ئەدەب لە ناوە |
ناتوانێ ساتێ لەوێ بوەستێ | هەر باوێشک ئەدا هەتا هەڵدەستێ |
ئەچێ بۆ شوێنێ قوماری لێ بێ | تێ هەڵدەقوتێ هەرچەند بێ جێ بێ |
لە ئێوارەوە هەتا نیوەشەو | لە یاری دایە بێ وچان و خەو |
خۆ ئەگەر هاتوو ڕووی کردە دۆڕان | بۆی دائەنیشێ تا بەری بەیان |
قوماری کافر ئەمەندە خۆشە | ئارەق و ژن و ماڵی لا بۆشە |
خواردن و کردن پیاو لێی تێر ئەبێ | تێری لێ ناخوا ئەوی فێر ئەبێ |
کە ئەیدۆڕێنێ و پارەی نامێنێ | بە سوێند و تەڵاق وازی لێ دێنێ |
هەر ئەمەندەیە تا پارەی چنگ کەوت | مارە بە جاشە تەڵاقی کە کەوت |
قومارچی و قومار دوو بران هاوپشت | کاتێکت زانی خۆیان دا بە کوشت |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 938
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|