هەندێ وەک «کەروێشک» خەوی درۆیە
هەندێ وەک «کەروێشک» خەوی درۆیە | هەندێ وەک «ڕێوی» بە چڵوچۆیە |
«کەمتیار» بەوەی پێی دەڵێن چاکە | قولەپێی ئەسمن، نقەی بۆ ناکا |
«تانجی» قەلادەی زیوی بکە مل | کەروێشک و ڕێویت بۆ ئەخا لە گل |
سەگیش بە نانێ نایەڵێ «دوون»ان | بە دزی شەوان ڕوو بکەنە ماڵان |
وڵاخ بە «ئالیک» ئەتبا بەڕێوە | خزمەتکار بەندی خۆراکی شێوە |
ئەگەر ئەولادت باش نەکەی بەخێو | لە هەموو شوێنێک لێت ئەبێ بە «خێو» |
خوا کە گیان و نان ئەدا بە بەندە | ناسینی ئەویش بە «کەرەم» بەندە |
کەم کەس چاکەیان وا لە پێش چاوە | «بەدنمەک» سپڵەی ناوە، بەدناوە |
لە پێشدا «چەقەڵ» لەناو شارا بوون | «سەگەل» فێڵیان کرد، ئەوان بۆی دەرچوون |
ئێستا کە بە شەو، دێن دەلوورێنن | سەگەل بە «یۆخ، یۆخ» ڕایان ئەفڕێنن |
ئەم پەندە کەڵکی ئەوە دەگرێ | بە بەڵێنی سەگ باوەڕ ناکرێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 713
1943/07/08
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|