هەڤاڵەکەم
هەڤاڵ گیان، ئا ئەم کوردستانەمان | ئەم خاکە جوانە و نیشتمانەمان |
ئێمەی تێکڕایی گرتۆتە باوەش | گۆشی کردووین بە خوێناوی گەش |
بۆیە وا پشتاوپشتمان دلێرین | هەمیشە ئێمەی کورد شۆڕشگێڕین |
نابەزین سەرمان دانانەوێنین | کۆڵ نادەین هەتا مافمان ئەستێنین |
زنجیر و کۆت و کەلەپچەی دوژمن | هەڵواسین، لێدان، بڕین و کوشتن |
ڕێگای خەباتمان لێ بزر ناکات | ئەگەر ئاگری دنیا بەرپا کات |
وەک گەڵاڕێزان هەموو هەڵوەرین | قەت تەرکی ناکەین هەر کوردپەروەرین |
کۆڵ نادەین لەڕێی کوردا ناخەوین | دڵنیاین کەوا هەر سەر ئەکەوین |
مێژووی خوێناویی ئەم کوردستانە | شایەتی ڕاستی تێکۆشانمانە |
هەڤاڵ گیان، تەنیا تۆ نیت بێناز بیت | لەجێی سۆزی کورد پێت بڵێن تۆ چیت؟ |
هەر تۆ نیت کەوا لە تامی ژیان | لە خۆشەویستییی خاکی کوردستان |
بە زۆر نامۆییت پێ بکەن بە زۆر | لەبەری باخی خۆت قەت هیچ نەخۆر! |
تۆ خاوەنی ئەم خاک و خۆڵە بی | تۆ بی هەڵگری ئا ئەم کۆڵە بی |
کە تێبکۆشی بۆ ڕزگاریی ئەو | هەوڵی بۆ بدەی بە ڕۆژ و بە شەو |
زۆردارێک دوژمن بە گیان و ژینت | زیادکەری داخ و ئێش و برینت |
وەک هەڵۆ بێتە سەر نیشتمانت | هێرش بەرێتە سەر هۆی ژیانت |
کوولەکەی ڕۆحت بە زۆر بشکێنێت | تاکوو بەتەنیا هەر خۆی بمێنێ |
سامان و بەروبوومی هەڵلووشێ | لە خواردنیشا پەنجەی بڕووشێ |
داخی دڵی خۆی بە کورد ئەڕێژێ | بۆی بلوێ خوێنی گشتمان ئەچێژێ |
ناهێڵێ تاقمان وتە ببێژێ | بە زیندوویەتی گشتمان ئەنێژێ |
بەڵام گەلی کورد بە کەس نافەوتێ | بۆ ڕزگاریی خۆی هیچ کات ناسرەوێ |
دڵنیایە هەر ئەبێ سەر بکەوێ | هەتا دنیاش بێ سەری نانەوێ |
ئەو کارە قەڵبەی ئیمپریالیستان | لە مێژووی کوردا بووەتە داستان |
کەوا بوون بەهۆی پارچە پارچەیی | بۆ بەرژەوەندی بەبێ بەزەیی |
هەر لەتیان دایە دەست نۆکەرێکیان | نەتەوەی کوردیش دوور بێت لە ژیان |
ژیان هەر مانای زیندوویی نییە | کە سەربەست نەژیت ژینت بۆ چییە؟ |
کەواتە ئەوە ئیسپاتە تەواو | ئەو پارچە پارچەی ئەبینین بە چاو |
دەستکردی دەستی داگیرکەرانە | کوردستان هەر یەک پارچەیە گیانە |
هەڤاڵ گیان، ئەوەش بخەرە بەر چاو | بیگەیەنەرە ساوا و پیر و لاو |
گەلی کورد دۆستی هەموو گەلانە | برای گەلانی ئاشتیخوازانە |
دوژمنی تێکڕا ئیمپریالیستە | . . . . . . . . . . |
مێژووی میللەتان شایەتی کوردە | کە پشتاوپشتی نەبەرد و کوردە |
هیچ کات بۆ چاکیی کاری دوژمنان | بۆ ئیمپریالیست یان بۆ خوێنمژان |
کاری نەکردووە و دوور بووە لەوە | بەڵکوو لە دژیان هەر بۆ پێشەوە |
سنگی داوەتە بەر گوللە و شەست تیر | بۆ فەوتاندنیان بە ڕا و بە تەگبیر |
هەرگیزاوهەرگیز هەر تێکۆشانە | لە دژی دوژمن کۆڵی نەداوە |
مێژووی گەلانی ڕووی ئەم جیهانە | شایەتی ڕاستی گەلەکەمانە |
1959/08/04
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|