وا بجووڵێ وابزانن کوردە هەی
|
دەرکەوە دوژمن لە ترسا بێژێ وەی
|
تاکو کەی ئەم سستییە و خەم ساردییە
|
بەسیەتی خەوتن بەگورجی هەڵسە دەی
|
وەک هەڵۆ دەفڕن بەگورجی ڕێ ئەکەن
|
خەڵکی خۆرئاوا (بەسەرتا چاوکە سەی)
|
ساڵەڕێ کاروان ئەکەی خۆتش بەپێ
|
دەردەدار و واوەیلی بەدحاڵی ڕەی
|
شەو لە تاوی کاری رۆژت بێخودی
|
میللەتانی دی لە عەیش و نۆشی مەی
|
بەزمگاهـ و موتریب و جێی سینەما
|
ڤنگەیی ساز و چریکەی دەنگی نەی
|
ماندوو و مردوو، کە بانگی شێوی دا
|
هەر چ جێیێ بی وەکو جل لێی ئەخەی
|
بەم پەرێشانی و ڕەزیلی و ئەزیەتە
|
لاوی من ڕێگا بە هیوا چۆن ئەبەی
|
خۆت وەهای، دڵگیرە نیشتمانی گەلت
|
خێڵ و دێهات و وڵات و شارەکەی
|
باغتی کردۆتە مانەندی بەهەشت
|
ڕەنگی سێو و بۆڵی مێو و بۆنی بەی
|
ڕەنگی گێلاس و هەڵووژە و زەردەلوو
|
دڵ کەشە، چاو ڕوون ئەکا گوڵنارەکەی
|
شیرنی هەنجیر و خۆشیی تووی تەڕی
|
شەوچەرە و بادام و گوێز و چوالەکەی
|
لەززەتی هەرمێی گوڵاوی و قۆخەکەی
|
گێوژ و عەنناب و شاتووە مۆرەکەی
|
ئاڵوباڵوو و هێشووە کشمیش و هەنار
|
چەورە قەزوان و، جوانە تابڵەی
|
خەربزە و هارووی و ترێزوو و گوندۆرە
|
کاڵەکی ڕۆخی چەمی، شوتیی زلەی
|
سۆسەن و ڕەیحان و سونبل، نەرگسی
|
بۆیی شەببۆی و، بریقەی لالەکەی
|
شەست پەڕو ڕەعناو و نەسرین و گوڵی
|
لالەعەبباس و بنەفشە و گاوەرەی
|
چەن جوان و شیرنە ڕەنگی شلێر
|
یاسەمەن دەرمانی دەردە بیخۆ دەی
|
بۆی ترنجۆکی ڕەزی، مسکیی چەمی
|
قوتەڕەیحانی وو نەعنا کێویلەی
|
مێرگی دامێنی چیایی سەرسپی
|
جێی ئەهەنگە بۆ شوانان و گەلەی
|
حیلە حیلی ئەسپ و، پڕمەی ماینان
|
چاخی ئاو خواردن لە بەستانا ڕەوەی
|
ئاوی شیرینی خۆشە، مانەندی نۆش
|
چاکە بۆ ساغی گەڕاوانی مەلەی
|
وا لەسەر کانی، لە بن داری چنار
|
دڵ ئەبێ گەش بەو بلوورەی لێی ئەدەی
|
دەنگی قومری و، یاهووان و یا کەریم
|
جۆش ئەداتە گوێدەری حەق، هوو و حەی
|
قاسپە قاسپی کەو کناچەی پۆڕ و مۆڕ
|
حوزن ئەدا بولبول لەسەر گوڵ وەلوەلەی
|
ئەو سەرۆکەت بێتە دیوان هەیبەتی
|
هەر وەکو شەستتیرە قۆڕەی نەرگەلەی
|
چەتفەوو مشکی و شەدە و هەوریت لەسەر
|
لاوی من شۆخی، دەڵێی پاشای بەبەی
|
زۆر جوان و تەن دروست و زیرەکی
|
بێیە سەر کار و بەرەت نەختێ هەڵەی
|
ئەم خووەت هەر چیت بەسەر بێ هەر لەمە
|
دەس بەسەر یێکا ئەدەی هاوار ئەکەی
|
گەر هەرایێ بێ لە بەینی عەشرەتت
|
پڕ لە چەک حازر ئەبن تا چووکەلەی
|
دەرئەچن چین چین لە دێ وەک شێری نەڕ
|
ڕۆڵەیی ئاری نەوەی ئەخسارەکەی
|
ئەمبەر و ئەوبەر کە دەگرن، شەڕ ئەکەن
|
شەققەیی قۆنداغ خڕ و، گیزەی گوللەی
|
کەف کەفەی خوێنە بەسەر بەرد و پلا
|
کار ئەکا خەنجەر لە لەش، تامستەکەی
|
حەشرە ئەو ڕۆژە کە هەرچی تووشی دێی
|
قوڕ دەپێوێ بۆ کەسی کوژراوەکەی
|
کوردە بۆ توونووی بەخوێنی خزمی خۆت
|
تووشی بێگانەت ببی مل کەچ ئەکەی
|
هەر وەکوو ئەسفەندیاری بۆ کەست
|
بۆ کەسی دی نۆکەر و، مەیتەر لەلەی
|
لەم پەرێشانی فرازیت گەر دەوێ
|
هۆگری یەکبوونە، ڕاستیی چارەکەی
|
ڕۆڵەیی ساوەت بنێرە لای مەلا
|
پێی بناسێنە خۆی و جێگەو بەرەی
|
خۆڵی ژێر پێت کانی زێڕ و نەقرەیە
|
بەچکە لوڕ لاتی و دەرۆزەی بۆ ئەکەی
|
بۆ قوتابخانانی خۆرئاوا بچوو
|
بەڵکە ئەم کانانە بۆ خۆت دەرئەخەی
|
بێجگە گاوانی و شوانی و جووت و گا
|
دابنیشی لێرە ئینجا چی ئەکەی
|
سەرکەوە وا دوژمنت بێ سەرفرۆ
|
با لە دڵتا هیچ نەمێنێ غائیلەی
|
جەوری تورکان چۆن لە بیرت دەرئەچێ
|
هەتک و تاڵان کردن و سێدارەکەی
|
ئەو شەهیدانەی دیاربەکر و شیمال
|
لاوی من تۆڵەی ئەوانە کەی ئەکەی
|
ماڵ و منداڵیان هەموو بوون دەربەدەر
|
سەر بڕا نەختێ کە کەڵکی بێ ئەوەی
|
کوردێ گەر مەرد بێ ئەمانەی هەر کە بیست
|
سووی ئەبێ، دەگری دڵی، دەدڕێ یەخەی
|
کوردە تۆ ڕەحمت نەبێ بۆ میللەتت
|
هەر کە مردی زەحمەتە ئیمان ئەبەی
|
لێدە بۆ میللەت قەڵەم گردە زوان
|
لەم پلە بەڵکو گەلت زوو سەر ئەخەی
|
گەر بدەی بۆ دین و گەل ماڵ و سەرت
|
لاوی من فیردەوس ئەسێنی مز ئەدەی
|
گوێ بدەن، یا گوێ نەدەن، هەر تۆ بڵێ
|
فائیدەی ئەمڕۆ نەبێ، ئەیبێ سبەی
|
وەعز و ئیرشادە ئەسیری پێت دەڵێ
|
وابجووڵە، دا بزانن کوردە هەی
|