وا پەرێشانم بەدەستی دەردی ئیستیهلاکەوە

نەونیهالم شۆخ و شەنگم بێرەوە (1967)
by ناتیق
306346نەونیهالم شۆخ و شەنگم بێرەوە1967ناتیق
وا پەرێشانم بەدەستی دەردی ئیستیهلاکەوە هیچ نییە هۆشم بە سەر ئەولاد و باب و کاکەوە
ڕۆژ هەتا شەو سووڕمە مانەندی ئاش و ئاشەوان سەیری سەرتاپام ئەکەن غەرقە بە تۆز و خاکەوە
وا لەسەر شانم قەپان و دەورەی کووچە و ماڵمە عەینی دەروێشم بە هووکێشان و دامەشاکەوە
بۆ مەنێ گاڵ بێ حەواس و کاس و سەرسام سوڕ ئەخۆم چەشنی تلیاکی بە سەودای نەشئەیی تلیاکەوە
تووشی موسایی و موسڵمان ببین لامان وەک یەکە وەک مەگەز فەرقی نییە نیشتن بە پیسی و پاکەوە
شەو بە بێ خشپە و خشە نەوعێ ئەچین بۆ بار و کۆڵ قەت سەگی پسپۆڕ وەها ناچێ بە بۆنی لاکەوە
کۆڵێ دەرناچێ بە کۆڵی جوانەژن یان پیرەژن مشتێ دەرناچێ بە ڕشتەی حەلقەیی فیتراکەوە
شوهرەتە تانجی وەتەن بکرێتە کەروێشکی وەتەن ئەیگرێ و گەر بێ و بچێتە گونبەدی ئەفلاکەوە
ئەی فەلەک ماڵت بە قوڕ گیرێ بشکێ چەرخەکەت وەک قوڕت داوە بە ماڵی ساحێبی ئیدراکەوە
من بە دایم نانی قووەی شان و باڵم خۆم ئەخۆم هیچ نەبووە چاوم لە فەیز و نیعمەتی میلاکەوە
ئاخری چەرخی فەلەک خستوومیە ژێر باری خەفەت هەر تەپاوتلمە بە دەرد و ئاهی حەسرەتناکەوە
تاکو دوێنێ بوو لە بەزمی نازەنینا تا لەبم شەکەر ئەفشان بوو لە سایەی بووسەیی پیتاکەوە
شانشینی سەدری مەجلیس بووم لە بەزمی گوڵڕووخان گۆشەیی جوققەی کولاهم جووت لەگەڵ سەماکەوە
نامەلا تا نیم مەلا بوو بۆ لوقمە نانێ هەڵپەمە هیچ نییە چاوم لە جوببە و مێزەر و سیواکەوە
شەرتە داخێک بنێمە دڵتەوە ئەی زاڵی پیر کاوە داخی وای نەنابێتە دڵی زوحاکەوە
ئاوڵەی دەرد و خەمی دەرداوە ناتیق تیفلی دڵ کەمێکێش وا چەوەکانی کز بوو لە ڕووناکەوە


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).