وا گردبونەوە پایزە براکان
وا گردبونەوە پایزە براکان | بەڵکو یەک کەون هیممەتی چاکان |
بەڵام وەک ئاردی ناو دڕک وایە | برایش لەگەڵ یەک نایێنە کایە |
خۆوڵاتیمان بۆچ لا چا نابێ | گوێلکی خۆماڵی بۆچ بە «گا» نابێ |
مەڵێن شیلاوگ مایەی پەنیرە | فیتنە هەوێنی نۆ قازان شیرە |
مەدحی ڕووبەڕوو پیاو ئەدا بە شوو | زۆر دۆستی سەر نان بە دوژمن دەرچوو |
خوا مووسا بۆ سەر فیرعەون ئەنێرێ | کەچی جارجار مەڕ بە گورگ ئەسپێرێ |
پیاو بۆ بۆرەپیاو ڕۆحی خۆی سەرف کرد | کەچی پێی دەگوت بە دەردی خۆی مرد |
ئەو کانیەی ئاوی لێ دەخۆینەوە | بە نابەکاری پڕیەکەینەوە |
سیاسەت پیشەی ئاغای بێ ڕیشە | بۆیە گەلێ پیاو بێ ڕیش و ئیشە |
زۆر ڕیش و سمێڵ تاشراو وەک ئەوان | خۆزگە ڕیش ئەبوو بە مۆدەی ژنان |
ئۆخەی ژنان بوون بە گەورەی گەڕەک | ئەبێ دەستەی تر بچنە بەر خەڕەک |
ئەنجا هەندێکیان چۆنی دەڕێسن | لەگەڵ گوێ چەنە بەرزە بڵێسن |
بە نارنارۆکە سەر دەلەقێنن | دەم بۆ پارووی خەڵک دادەچەقێنن |
ئاخ خوێندەواری فریامان کەوە | بۆ عالەم ڕۆژە بۆ ئێمە شەوە! |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 539
1937/09/20
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|