وتم ئەی دڵ! تەمەللوق کە بە ئەحکاماتی یەزدانی
|
هەتا کەی ئارەزووی بێسوود لە دارولمیحنەتی فانی!؟
|
جوابی وا ئەدا کردم، وتی: ئەحسەنتە، نوتقت کرد
|
وەلێ بێ مورشیدی قابل، عیبادەت سەختە ناتوانی
|
لەبۆ تەعقیب حەکیمی دڵ گەڕام خەیلێ بە دنیادا
|
عێراق و شام و بەغداد و سەلاحییە و سولێمانی
|
هەتاکوو خاکی عەبداڵان، کە جەنبی شەرقی کەرکووکە
|
لەوێدا عالمێکم دی حیسامەددینی نوورانی
|
چرایە بۆ شەوی زوڵمەت، نەهەنگی بەحری تەوحیدە
|
عیمادەددینی مەحموودە و خەلیفەی غەوسی گەیلانی
|
نیشانەی عیززەتی وایە، خوا کاتێ کوڕی پێ دا
|
فەتاحی پێ عەتا فەرموو، بە سووڕەت بەدری تابانی
|
کە دەستی دایە پێنجتیر و سواری ڕەخشی گوڵڕەنگ بوو
|
چ مەردێ جەرگی زۆر سەختە، بوێرێ و بێتە مەیدانی
|
لە دەشتی ئیمتیحانا شەهسەواری تایەفە دەرچوو
|
وەلێ فایدەی چییە کوردە، زەلیل و مات و بوحرانی
|