وتی یارم لە جەنناتێ گوڵی ڕوخسارم ئەنوێنم
|
هەموو شەو تا سەحەر بۆیە وەکوو بولبول ئەناڵێنم
|
لە مەغریب ڕۆژ هەڵات ئەمشەو وتم ڕەنگە قیامەت بێ
|
موسوڵمانان مەکەن مەنعم نەما عەقڵ و دڵ و دینم
|
بە غەدداری دڵ و جەرگی بڕیم و پێم ئەڵێ مەگری
|
نەوا لێشاوی فرمێسکت بکا تەقبیلی داوێنم
|
لە ترسی سۆز و ئاهی ئاگرینم موشکیلە عەقڵم
|
بدا ڕێگا کە ناوی نازکت بۆ ناوی دەم بێنم
|
بە چاوی مەست و مەخموورت ئەوەندە مەست و مەسروورم
|
لە سایەی تۆوە وەک شێری ژیان زنجیر ئەپسێنم
|
بە ئومێدم لە حاڵی نەزعدا تۆ بێیە باڵینم
|
کە تۆ بخوێنی یاسینم دەکەن حوور و مەلەک شینم
|
بە زستانی فیراقت سابیری وەک پایزی زەردە
|
بە ڕوخساری بەهارت ئاهی گەرمم شوبهی هاوینم
|