ڕۆژی لە تەقدیر پادشای غەففار
|
ڕەحمان و ڕەحیم سەبوور و ستار
|
دای لە دەماخم هەوای کوێستانان
|
سەربەندی نەسیم ڕاوگەی جەیرانان
|
تفەنگێ لەکار شەش خانی قەدیم
|
قایش لە قەڵتاخ تەنکە تەڵا و سیم
|
خان بە تاق و جووت پێچ و لوول تا سەر
|
کولەکە و دەرمان، بەن و بەن کەمەر
|
کێش و درەم چاک کەوان بە قووەت
|
دەنگ و نەعرە بەرز چەخماخ بە حوججەت
|
ترەقەی دوو ڕوو گوللەی فراوان
|
لیپە و قەڕەوڵ ڕاس، ڕێک، ڕەوان
|
کردمە شانم وتم یا ڕەززاق
|
ڕووم کرد لە سەحرا بەتەنها و تاق
|
ناگاهـ لە تەقدیر واحدوللقەهار
|
ڕێم کەوتە سەخسێ ژێر سایەی یەک دار
|
دار خەیلێ پیر بێ پڕژ و بێ باڵ
|
پەل و پۆ وەریو بە وێنەی عەوداڵ
|
قلۆر و پواو بێ بەرگ و بێ ڕەنگ
|
بێ گەڵا و بێ شەوق، وێنەی تەختە سەنگ
|
تەوەککوڵ هەڵوەری و ڕزاو و پواو
|
کرمە ڕێز و وشک ئەعزای ساق نەماو
|
پێم نایە بەر پێ سەلامێکم کرد
|
دەستی ئیخلاسیم بۆ سەر مینە برد
|
***
|
پرسیم ئەی درەخت شەهەنشای داران
|
یا تاخی میران جەرگەی ناوداران
|
دور بێ لە حاڵت خەیلێ پەشێوی
|
دەردی پیریە یا زەدەی دێوی
|
کوا زەرگ و نیشات هەردە جارانت؟
|
کوا هاژەی شا لەق سەر دیارانت؟
|
کوا حەریری زەرد فەسڵی خەزانت؟
|
کوا بەرگە ڕێزان گەڵا ڕێزانت؟
|
نە نیشانەی تۆ نە سێف نە هەرمێ
|
لە لات نەماوە نە زۆر نە کەمێ
|
ئەگەر هەڵووژەی، ئەگەر چناری
|
ئەگەر بناوەچ، گەر مازوو داری
|
یا سپی چنار بەرزی تەماشای؟
|
یاخۆ ئابنووس تەختی پادشای
|
یاخۆ دار جەوهەر پڕ لە جەوهەری؟
|
یاخۆ حەیزەران دەستی عەسکەری؟
|
ڕاستم پێ بێژە بێ دەردی سەری
|
بێ سەمەر بوویی یا هی سەمەری؟
|
***
|
بەسەد ناڵە و دەرد دار هاتە وەرام
|
وتی ئەی قانع دەروون پڕ لە زام
|
ئێستە وا ڕەنگم پەژی عەوداڵە
|
مەشوور بووم بە تووی «مەحمووی سەرەواڵە»
|
ئەمن دەس نەمام لەیلی عامریم
|
یادگاری دەورەی مووسا و سامریم
|
خەڵفە درەختی عەسری شەدادم
|
پێوەن کراوی ڕەنجی فەرهادم
|
ئاو خۆر بووم لە جام عشقەکەی مەجنوون
|
چەن قەڕنم دیوە لە ڕووی دەهری دوون
|
من هەر ئەو نەوڕەس ئەو نەونەمامم
|
پەسەندیدەی زاڵ ئەولادی سامم
|
خەرامانی چین شیرینی ئەرمەن
|
لەیلی عامری زڵێخای یەمەن
|
هەر ساڵێ سەد جار هاتن بۆ لای من
|
پاڵیان دا وەپاڵ بێخ و باڵای من
|
تا من بووم چنار باڵای لە کوێ بوو؟
|
تا من بووم لاو لاو هەر ڕەنجە ڕۆ بوو
|
ئەمما سەد حەسرەت سەد ئاخ و سەد ڕۆ
|
سەد داخ و سەد دەرد سەد ئێشی پڕ سۆ
|
پیری هات بەزمی شادی بەتاڵ کرد
|
فەرەح و عەیشی شیرینی تاڵ کرد
|
ئێستە کوا نەشئەو کوا سایە و بەرگم؟
|
خەیلێ ئینتزار ئازاری مەرگم
|
عومر بە پیری نامەوێ سەد جار
|
هانا ها خالق تۆبە و ئیستیغفار
|
من هات لە باتی دانەی شەکەر بار
|
بووم بە خۆراکی مەل و موور و مار
|
مردنم فەرزە زیندەگیم ناوێ
|
بۆچی بمێنم لە دنیا تاوێ؟
|
***
|
وتم ئەی درەخت بە عشقی حەیدەر
|
بە زڕەی شمشێر قەڵاکەی خەیبەر
|
بە نەعرەی ئەمیر عمر بن خطاب
|
بە سیدقی دەروون تایفەی ئەسحاب
|
بە قەتڵی ناحەق حسەینی مەزڵووم
|
بە پڕووزەی جەرگ فاتمەی مەزڵووم
|
بە حەڵقەی تەهلیل «اوليا الله»
|
بە قەندیل نوور گۆشەی «بيت الله»
|
بە تاجی عیززەت خەتم «ختم المرسلين»
|
بە برقەی شمشێر شەهیدانی دین
|
بە یاهوو یاهووی عابدانی چۆڵ
|
ئەڵڵا دۆست کێشان شاخ نەفیل بە کۆڵ
|
بۆم بەیان بکە تەواو گفتوگۆ
|
کێت دیوە بە چاو لەم دنیا بێ پۆ؟
|
***
|
وتی ئەی قانع کۆنە دۆڵاشی
|
تۆش لەبەدبەختی بۆ مردن باشی
|
هیچ درۆ ناکەم بێ لاف و گەزاف
|
مایل بوون بە من ئەمیرانی جاف
|
کەیقوباد و زاڵ، ڕۆستەم و ئەرمەن
|
بۆڕزوو و جیهانبەخش، پادشای خوتەن
|
تووس و فڵامەرز، زووحاک و دارا
|
قوباد قوباد گەل، بەڵخ و بوخارا
|
فرعەون و نەمروود، شەداد و هامان
|
زەردەشت وجەمشید، گیو و نەوشیروان
|
قابڵ و هابڵ، زوولکەفڵ و ئەیووب
|
موسا و زکریا، یوسف و یەعقووب
|
«شجر التوبا»خەڵفی بەرینم
|
«ماءطهورا» دانەی شیرینم
|
سەوڵی گوڵ ئاوان لەلام بێ زینەت
|
سەرو و یاسەمەن پڕ دەرد و میحنەت
|
بەشەو کۆشکەی مەریوانی بووم
|
بە ڕۆژ گوزەرگای زوڵف قەترانی بووم
|
فڕەی فەقیانەی هەرزەکارم دی
|
لاچەناخ و گۆی شەدە لارم دی
|
مەمانی لیمۆ و سینەی سافم دی
|
عەرعەر قامەتان عێلی جافم دی
|
تاقی کڵاوز، لووتەوانەم دی
|
پەرچەم وەتێکەڵ زوڵفەوانەم دی
|
چیخی ئەسمەر پێچ نەلێموارم دی
|
پورگ لە سیبەر شادەوارم دی
|
پەنجە وەک شمشاڵ نەقشی نوورم دی
|
قەد و قامەت خۆش زەرد و سوورم دی
|
کەوشی عەروسی پاژنە دارم دی
|
تاچی نەرم و شل لەنجە و لارم دی
|
ئەژنۆ وەک قاقم سەر دووکانم دی
|
توند و نەژاکاو شلکەی ڕانم دی
|
کەلەکەی تەیار تەسک و تەنگم دی
|
لیباسی گوڵ گوڵ ڕەنگاوڕەنگم دی
|
سینە وەک بلوور گەردەن مینای تەڕ
|
ورشە و پرشەی کوڵم بەوێنەی شەسپەڕ
|
چاو پڕ لە غەمزە و گەلاوێژم دی
|
ئەگریجەی چین چین کورت و درێژم دی
|
چەن دیلەکانێ هەڵخرا لە من
|
تەختەبەنانی جووتە شۆڕەژن
|
میر و میر ئاڵای مەروانم دی
|
ئەمن خنکانن حەسەن خانم دی
|
هاتە سەروکار پردەکەی گاڕان
|
شەهەنشای ئیقلیم ئامان الله خان
|
یا تاخی سێبەر باڵای بەرزم بوو
|
عاشق بە تەڵای هەزار تەرزم بوو
|
خشەی سفرەی زل قەهقەهەی قلیان
|
چرکە و چرپەی باز زڕەی ئیستیکان
|
چەن کوژیاوم دی لاش وەبانی لاش
|
چەندە شێخم دی لەناو دێی دۆڵاش
|
قانع با بەس بێ قسە بە بێ سوود
|
ڕازی بە بە ئەمر پادشای مەعبوود
|