وردە خاڵی ئێستەکەش نازێ لەسەر پەروین دەکا
|
چاوی بازی دائیما بازی بە ئاهووی چین دەکا
|
ڕۆژی جێژنە عادەتە دەستی حەنایی کا مەگەر
|
سا کە وا بێ دێ بە خوێنم پەنجەکەی ڕەنگین دەکا
|
تەیری دڵ لەم ناوە دەرناچێت و ئەو حەددی چییە
|
چونکە یارم بازێکە نەخچیری سەد شاهین دەکا
|
حەقی کوشتەی خۆی ئەدا ئەغیار و ئەمما یاری من
|
قاتڵێکە دەیکوژێ، خوێنیشی لێ تەزمین دەکا
|
گەر مەرامی کوشتنە یارم چ باکم سەر نییە
|
وا ئەسەف ئەمما، کە دامێنی بە من خوێنین دەکا
|
زامی هیجران زۆر بە ئێشە هەر کەسێ نەیدیتووە
|
بێت و بنواڕی کە دڵ لەم دەردە چۆن ناڵین دەکا
|
«بۆ پیادەی جانی من گەر بێ ڕوخی شای دەرکەوێ
|
بۆ فیراری فەرزە گەر ئەو فیل و ئەسپی زین دەکا»
|
سافی تۆی شادی بە ئاوی چاو دەچێنیت و کە چی
|
چی بکا لەم تالعە؟ خاشاکی غەم وا شین دەکا
|