وێنەکەم هەڵبگرە کوردە، با ببێ بۆ یادگار
|
با بمێنێ یادگارم، پاشی خۆم بۆ رۆژگار
|
کوردە ئەم سەرمە سەرێکە! پڕ لە سەودای نیشتمان
|
چاوەکانم بۆ کزیی کوردانە ئەشکی دێتە خوار
|
ئەم دەمەم هەر ئەو دەمەس، هاواری هۆزم پێ ئەکرد
|
گوێم هەر ئەو دوو گوێیەیە، ئەیبیست سەدای گریان و زار
|
دەستەکانم هەر بە ئاهـ و ناڵەوە ئەمدان لە یەک
|
گەهـ لە تەپڵی سەرمەدان و گاهێ سینەی پڕ جەخار
|
پەنجەکەم ئەو پەنجەیە، کاتێ کە پێنووسی ئەگرت
|
شێعری کوردیم پێ ئەنووسی، هەر لە یەک هەر تا هەزار
|
دڵ هەر ئەو دەنکاڵە گۆشتەس دایما پڕ بوو لە زوخ
|
جەرگەکەم چەشنی کەبابە بۆ کزیی کوردی هەژار
|
لاقەکانم هەڵگری لاشەی زەبوون و پڕخەمم
|
یا بە شوێن نانا ئەڕۆیین، یا لە دەست دوژمن فیرار
|
«قانعا» ئەم دەردیسەریە هەر بە تەنیا تۆ نەبووی
|
ئیشی هەروا داخ و دەردە، چەرخی کۆنەی ڕۆژگار
|