وەرن یاران تەماشا کەن، لە چاوی پڕ لە گریانم
|
چلۆن قرچەی دەروونم دێ، چلۆنێ جەرگی بوریانم
|
لەباتی من بڵێن بولبول نەخوێنێ قەت بە مل گوڵدا
|
کە چۆن تازە لە دەس دەرچوو، ئەساسی کەیف و سەیرانم
|
فەلەک ڕەحمی ئەگەر ماوە، دەسا با خوێن ببارێنێ
|
مەلەک نامووسی خۆی دەرخا، هەموو بین بۆ عەزاخوانم
|
ئەترسم گەر بڵێم شێرم نەماوە کەس نەکا باوەڕ
|
ئەگەرچی شاهیدە بۆ من خرۆشی بێشەڵستانم
|
ئەیا زومرەی ئەسیری خەم! ئەوا خەم هات بە سەر خەمدا
|
وەرن با قوڕ بە سەردا کەین، لە بۆ ئەحواڵی کوردانم
|
ئەگەر دیقەت لە حاڵم کەی، ئەزانی زەربەیەکی قورس
|
زهووری کرد، لە سەر خۆم و ڕەفیقی ئەهلی نیشتمانم
|
وەتەن ئەمڕۆ بە گریانۆ، لە بۆ تەئریخی وای فەرموو
|
شکا ئەژنۆم، دڕا جەرگم، نەماوە نووری چاوانم
|