وەرە ئەی بولبولی دڵگەرمی بێ تین
وەرە ئەی بولبولی دڵگەرمی بێ تین | ئەوەندە مەفڕە بۆ لای گوڵ بەناڵین |
لەسەر ئەو بنچکە نەختێ بوەستە | پشوویەک بە لە ناڵە و گریەو و شین |
سکاڵای خۆت مەکە زۆر شارەزاتم | لە عەشقا تۆ کە شای من ئەبمە فەرزین |
وەرە با واز لە یار و گوڵ بهێنین | بچین بۆ ناو نزار و شاخی ڕەنگین |
تەماشایەکی تاڤگە و شاخی قەندیل | لە دڵدا نەخش ئەکا خۆشیی هەوای ژین |
لەوێ دەم تەڕ بکە و نەختێ بخوێنە | کەلاوکەل بۆی ئەچین بۆ دەشتی پێنجوین |
سەهەند و قەڵبەزەی ئەم نەختە خاکە | ئەماڵێ حەسرەتی ئینسانی غەمگین |
لە خۆشیی ئەم وڵاتە نازەنینە | بە سەد ڕەنگ بۆم بخوێنە بەرز و شیرین |
منیش ئەوسا بەبەستەی نیشتمانی | کەژ و دەشت پڕ ئەکەم تا گونبەدی شین |
ئەگەر بێ و خوو بدەینە عەشقی وا ڕاست | ئەبینە مایەیی تەقدیر و تەحسین |
وەرە بولبول، وەرە بولبول من و تۆ | گوڵ و یار بەربدەین ئەم عەشقە بگرین |
1942/08/01
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|