وەرە مردن، وەرە عزرائیل ئەمێستا کە لە کۆی
|
ئەمەتا وەرگرە ڕۆحم، ئەیەوێ دەرچێ بەخۆی
|
پیاوی وەک غەوسی دووەم، سەید عەبدولقادر
|
شێخ سەعید و چەن سەدی دی گەورە ئەلەم ڕێگەیە ڕۆی
|
بەئومێدی سەر و ماڵ و ڕەحەتی و ژینم نیم
|
دەبێ لەم مەسلەکەما دەس لە سەر و ماڵ بشۆی
|
مردنم چۆن نەوێ من کاری گەلم ڕاهی نییە
|
گەلی دی هەرچی هەیە گەییوەتە هیوا بۆ خۆی
|
ڕۆڵە بۆ خۆم نییە دەستم لە هەموو کارێ بڕا
|
لە هەموو کاروبەرەم تێبگە هیوام هەر تۆی
|
ئارەزووی دیتنی یارانم هەیە ئێستا لە کۆن
|
بێنە ئەی بایی شەماڵ تۆ بی خوا نەختێ بۆی
|
لەرە با تێکەڵە (کەی کوردم) و ڕەنجیدە ئەبم
|
بەپەرێشانیی سمکۆ، کە لە سەلماس وو خۆی
|
لاوی من، پیاوی جیهان ئەمڕۆ لە عەیش و نۆشە
|
ئەوە خۆراکی ئەتۆش نانی جەوە و کاسەیێ دۆی
|
زۆری پێ ناچێ ئەسیری دەمری بەم غەمەوە
|
دەمێ دێ کۆمەڵی گەل ماتەم ئەکەن ئینجا بۆی
|