ڕۆڵە من ئەمرم لە پێشا هۆشی ئیمانت ببێ
|
بیری هۆز و نیشتمان و ژینی کوردانت ببێ
|
ڕۆڵەکەم هێندە بخوێنە ڕووی شارانت ببێ
|
هەوڵی تەنها خۆت نەدەی هەر هەوڵی یارانت ببێ
|
تۆش وەکوو من فەرموو فەرمووت با نەبێ ئەی چاوەکەم
|
هۆشی خۆتت بێ دەخیلە کوێر نەکەیتۆ ناوەکەم
|
ڕۆڵە من تاوێ مەلا و لەحزەیێ دێوانە بووم
|
تاوێ سۆفی خانەقا و گەهـ لە ناو مەیخانە بووم
|
تاوێ هاوڕێ کۆمەڵ و تاوێ تەواو بێگانە بووم
|
تاوێ وەک ڕندی قەلەندەر جاربەجار شێخانە بووم
|
بەم هەموو جۆرە لەگەڵ کوردا زەمانم بردە سەر
|
ئاخری هەر یەک نەکەوتین گشت بڵاو و دەربەدەر
|
ڕۆڵە گوێ بگرە بە جوانی بۆ بەڵێ قوربانی من
|
بۆ کزی و لارە ملی لای ئاغە و خانانی من
|
جا ئەزانی چۆن بووە وا چۆن ڕۆیوە دەورانی من
|
کەس بەحاڵی من نەبێ بۆ باری سەر شانانی من
|
سەد هەزار زانینە پوڵی قاچی لای ئەربابی زەڕ
|
تا بزانی ئەو خرابت لێت ئەبێ بە شۆمی شەڕ
|
ڕێگەیێکت پێ نیشان دەم تا بژیت بۆ خۆت جوان
|
پرچێ شۆڕی لێ درووس کە و ڕیشی کرژ و لوول و پان
|
هەر وەکوو خۆت خەڵقی کەر کە و بیبە بۆ لای شێخەکان
|
نیوی بۆ تۆ نیوی بۆ شێخ ڕەنجی سۆفی هیچ نەزان
|
لێخوڕە و لێدە و بڕۆ لای باری خۆت بگرە لە مشت
|
کوردی چی نیشتمانی چی بۆ کورد نەکەی خۆت دەی بە کوشت
|
گەر ئەوەت لا زەحمەتە هەڵسە بڕۆ قاپی سەرا
|
وەرگرە هیچ گوێ نەدەیتە ئاشنا و باوک و برا
|
لەو شەریکە تۆ شەریک بە بەش ببە هەرچی کرا
|
ماڵی مسکینی هەژارە بۆ ئەفەندی دانرا
|
پارە پەیدا کە بزانە دینی چی و ئێمانی چی
|
خوێنی میللەت هەڵمژە ئینسافی چی، ویژدانی چی
|
ڕۆڵە گەر قاپی سەرا هاتوو نەبوو بۆ تۆی هەژار
|
باڵی لێ هەڵماڵە دێ بە دێ و شار بە شار
|
کۆمەڵێ پێکۆ بنێ هەریەک بە ناوێ موستەعار
|
تا حکوومەت پێت ئەزانێ و تۆش ئەخاتە ئیش و کار
|
چوویتە سەر کورسی بزانە پارە چۆن پەیدا ئەکەی
|
چۆن بە ناحەق کۆڕی بێ پشت و پەنا ڕیسوا ئەکەی
|
ڕۆڵە هەر کاتێ مەعاشت لێ بڕا خۆت کە بە کورد
|
هەڵکە بەیداخی دەسیسە و جاو و ڕاو و زەرب و خورد
|
کۆمەڵێ پێکوو بنێ پڕ بێ لە پیاوی دەشت و ورد
|
بێرە چرپە و چپچپ و فێڵ و قومار و دەست و برد
|
بووی بە مەئمووریش بفامە چۆن ئەکەی پارێزی نان
|
کوردی چی هاوزوانی چی دوژمن بە بۆ کوردی زوان
|