ڕۆڵە! وەسیەت بێ کە مردم سەیری ئەم ئەشعارە کە
|
هەفتەیەک جارێ تەماشای شۆری ئەم گوفتارە کە
|
بابی خۆت ڕەفتاری چۆن بوو، تۆش هەر ئەو ڕەفتارە کە
|
ڕوو لە قازانجی عموومی و پشت لە خاوەن پارە کە
|
بێرە مەیدانی دلێری، هەر وەکوو شێری ژیان
|
جەرگی دوژمن هەڵدڕە و ببڕە وەکو تێغی دەبان
|
ڕۆڵە! لافی فەیلەسۆفی لێ نەدەی هەرگیز بە دەم
|
نۆکەری هەرگیز نەکەی، بۆ حاکمی ڕۆم و عەجەم
|
چی لە دڵتایە مەترسە بیخە سەر نووکی قەڵەم
|
گوێ نەدەی ڕۆڵە، بە جەور و ئێش و ئازار و ستەم
|
ڕاپەڕە و بانگێ بدە، بۆ خزمەتی کوردی زمان
|
بەرخی نێر بۆ سەر بڕینە نەک لە بۆ دۆشین و ڕان
|
ڕۆڵە! دایم چاوەڕوانی هەڵمەتی شێرانە بە
|
دوژمنێکی زۆڵە کوردی نۆکەری بێگانە بە
|
هەر بە هیوای دەنگ دلێری و ژینی سەربەستانە بە
|
کەوتە ڕۆژی خۆی خەریکی تۆڵەیی دوولانە بە
|
ڕۆحی شیرینت دەرێنە بۆ دەوای دەردی گران
|
ڕوو کەرە قەندیل و ئاکۆ، هەر بڵێ: یا نیشتمان!
|
کەڵووڕ و سوورسوور و گەشکی و شاری کرماشانەکەت
|
بەختیاری و مەنمی و هەم شاکەلی و شیروانەکەت
|
ماییدەشت و باجەڵان و سانی هەورامانەکەت
|
پژدەر و بڵباس و هەرکی و جافەتی و گۆرانەکەت
|
دەس بە دەس یەکتر گرن، بۆ یەکتری وەک پشتیوان
|
تێ بکۆشین بۆ ژیانی کورد و خاکی کوردستان
|
ڕۆڵەکەم! خوێندن بخوێنە! مەکتەبە دەرمانی کورد
|
تێ گەیشتن مەرهەمە، بۆ زامی بێ سامانی کورد
|
لاپەڕەی مێژوو ئەزانێ، چۆن بوون شێرانی کورد
|
باسی بابا ئاردەڵان و زەندی و بابانی کورد
|
ئەورووپا نووسیویە بۆ تۆ یەک بە یەک وەک داستان
|
تۆش بە چاکی ڕایگەیەنە بۆ نەخوێندەی کوردەکان
|
ئەو ژیانە کەی ژیانە؟ وەک کەوی بەندی قەفەس
|
ژێر چەپۆکەی ڕافزی بی و ژێردەسەی پیاوی تەرەس
|
پەت لە مل بی و ڕات بکێشن، هەر وەکوو تانجی و مەرەس
|
نامەوێ ئەو جۆرە ژینە، دەک خوا نەیدا بە کەس
|
قەف قەفی حەڵقەی کەلەپچەت هەڵبڕە وەک پاڵەوان
|
خۆت و منداڵت بە کوشت دە بۆ ڕەواجی کوردستان
|