وەسییەت بێ ئەگەر مردم وەرە سەر گۆڕەکەم قالە
|
بڵێ ئاواتەکەت پێکهات هەڵستە بێرەدەر خاڵە
|
کە بوویتە سەرجەلەو سەرپۆلی گەورەی لەشکری کوردان
|
لەبەر هیچ ئەزیەت و جەورێ، نەکەی ئۆف و نەکەی ناڵە
|
بەخۆت و لەشکر و پۆلت لەسەر گۆڕم مەشق دادەن
|
ئومێدم وایە زندووبم لەبەر شادی بەئەو حاڵە
|
وەکو خاڵت بە، ئەی ڕۆڵە، خەریکی کاری میللەت بە
|
ئەوەی خەرجی ئەکا خاڵت لەڕێی خزمەت سەر و ماڵە
|
بڕازێوە بەزانین و بەچاکە و دین و چاوتێری
|
لە ئازایی وەهابە، پێت بڵێن وەک ڕۆستەمی زاڵە
|
بەفەڕڕە ئەو کەسەی وا سەنگەری تیر و غەم و دەردە
|
لە ڕێگەی میللەتی کوژرا، لەژێر خاکا کفن ئاڵە
|
عەزیزە ئەو کەسەی کۆشش بکا بۆ هاوزوبانی خۆی
|
ئەگەرچی ژینی تاڵە، عاجزە بەدبەختە کەم حاڵە
|
شەهیدی میللەتم تەسلیمی خاکم کەن گەلی کوردی
|
بپۆشن خاکی سەر گۆڕم، بەڕەیحان و گوڵ و لالە
|
لە ڕێگەی میللەتت هەر چیت بەسەر بێ خۆشە ئەی ڕۆڵە
|
لە ژووری لاپەڕەی تەئریخ ئەنووسرێ سوورەتت قالە
|
موکافاتی ئەسیری ڕۆژی مەحشەر بادەیی کەوسەر
|
ئە لەم دنیایی دوونە، بێ بەشە، دایم دەمی تاڵە
|