پارەی ئیعانەی زەلزەلەی پێنجوین
|
نازانم ڕەنگی سپی بوو یا شین
|
کام دەردی ئێمەی پێ هاتە سامان
|
یا بۆ کام فەقیر بوو بە بەرگ و نان
|
هەر وەکوو دەهۆڵ هەر بیستم لە دوور
|
هەر وەکوو هۆهۆی دەشتی شارەزوور
|
ئەم ئیعانەیە تەنها دەنگی بوو
|
ئیتر کەی شێوە و شکڵ و ڕەنگی بوو
|
هەر وەکوو جەژنی مانگی ڕەمەزان
|
لەو مانگی تردا ئەکرێ بە سەیران
|
ئەمیش بە ناوی پێنجوین کۆ کرا
|
نازانم ئیتر بۆ لای کێ برا
|
چاوەڕوانی نان بۆ پیاوی برسی
|
مردنی خۆشە ئەگەر بپرسی
|
مارانگاز ئەگەر تریاکی بوو بێ
|
زوو فریای نەخەن لەت و پەت ئەبێ
|
گیای کەما ئەکرێ بۆ وەختی زستان
|
لە سەرما و بەفرا بدرێ بە حەیوان
|
بەڵام کە حەیوان لە برسا بمرێ
|
هەزار بار کەما کەڵکی کێ ئەگرێ
|
من دەستم بڕوا هەتاکوو بەهار
|
بەهار بێ منەت ئەڕۆمە سەر کار
|
لەجیاتی خانوو کەپرێ ئەبەستم
|
بە تەور و تەوراس بە شان و دەستم
|
یا لە شارەزوور ئەبم بە وەرزێر
|
جووتی خۆم ئەکەم پۆشتە و تۆخ و تێر
|
هەر بنکەگیایێ نانێکی تیایە
|
پەلامار ئەدەم ئەیکەم بە مایە
|
نە ترسی بەفر و نە ئاوی باران
|
هەتاکوو پاییز منیش وەک یاران
|
ئەبووژێمەوە و خۆم ئەکەم بە پیاو
|
هەر وەکوو جاران دێمەوە ناو ناو
|