پارە و تەیارە هەردوو وەک یەک وان
پارە و تەیارە هەردوو وەک یەک وان | ئاشکرا و پەنهان جەوەندەی هەوان |
بە هەوای بەرزی پیاو ئەجووڵێنن | ئەوی سواریان بێ ملی ئەشکێنن |
جاران گوێ زرنگەی پارەی کە دەبیست | لە دەنگی تەورات خۆشتری ئەویست |
ئێستا کە نۆتە و کەللەی قەڕاڵە | زرنگەی نایێ و چاو پێی خۆشحاڵە |
قەڕاڵ هەر چەندە خۆی زیندووترە | شکڵی نۆتەکەی خۆشەویستترە |
سەد نەقشی جوانی نەوجەوان و ژن | نابێ بە ڕەسمی نۆتێکی چڵکن |
هەندێ نۆت جاران لە برەودا بوون | دەوڵەتیان نەما بە زیفۆس دەرچوون |
ماڵ بۆ خواردنە، نەک بۆ هەڵگرتن | بەشی کەس نەدەی ئەبن بە دوژمن |
هەندێک ئەکەونە سەر ڕێی بۆڵشەویک | لەگەڵ پارەدا ببن بە شەریک |
ناڵێن مەحسوولی کەسی خۆیەتی | ساڵ دوازدە مانگە هاتوچۆیەتی |
خوا کە بنچینەی دنیای داناوە | بەشی هەر کەسی جوێ بە جوێ داوە |
گەورە و بچووکی ئەگەر نەبووایە | ئەم کۆمەڵییە چۆن ئەهاتە کایە؟ |
هەمیشە عەقڵ و عیلم لە پێشە | لە هەموو شارێ نەزان بارکێشە |
ئەوەی کە خانووی لە بەرد ئەتاشی | زۆری پێ نەچوو جێما لە پاشی |
بە قوللەی بەرزی خانوو مەنازە | بەشەر بۆ مردن دائیم ڕێبازە |
هەر پیرێ خانووی تازەی دروست کرد | خۆشی تیا نەدی بە داخەوە مرد |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 602 و 231
1940/07/04
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|