چاوەکەم بۆ لاوی گەل تەئریخی بابانی بڵێ
|
ساز و بەربوت لێ مەدە، ئای ئای و گۆرانی بڵێ
|
باسی چیرۆکی وڵاتی ئامریکا بۆ ئەکەی
|
باسی پێشوونان و گەورەی کوردی سۆرانی بڵێ
|
باسی زۆر و دەبدەبە و شاهانی کلدانی مەکە
|
دەبدەبە و زۆریی بڵندی شاهی ئێرانی بڵێ
|
چەند حوکمدارت لە بەتلیس و لە بۆتانا بووە
|
گەر بەوە عیلمت نییە پاشایی بابانی بڵێ
|
باسی گۆلی جەنەوە و باغاتی لوبنانیش نەکەی
|
ئاوی کوردستان و باغ و قەسری بۆکانی بڵێ
|
هات و بەدبینێ وتی تەئریخی پێشووی تۆ نییە
|
جاهیلی، عیلمت نییە، سا حەچە حەیوانی بڵێ
|
مەکڕە سندووقێ بڕێسێ میسری و تورکی و حیجاز
|
لێدە سندووقێ بەیات و لاوک و حەیرانی بڵێ
|
باسی قەند و شەککەری بەلچیک و پاریس بۆ ئەکەی
|
باسی دۆشاوی سپی و هەنجیری شێخانی بڵێ
|
کاری جەرمەن هەرچەنێ چابێ بەتۆ چی چاوەکەم
|
شاڵی زاخۆ و پەستەکی بانە و مەریوانی بڵێ
|
باسی عەزمی لەشکری ژاپۆن و تورکی بۆچ ئەکەی
|
باسی دێوانە و خەلیفەی شێخی بارزانی بڵێ
|
پێت دەڵێن شێخی ئەسیری دەم لە میللییەت مەدە
|
پیاوێ خزمی خۆی نەوێ، بێ کەڵکە ئیمانی بڵێ
|