پایزی پیری پەیابوو نەوجەوانیمان نەما
|
نەوبەهاری عەیش و نۆش و کامەرانیمان نەما
|
شیری پیری دەست و پێی ئاسکی جەوانی تێکشکاند
|
قووەتی سەر پەنجە و باسک و زرانیمان نەما
|
ئێمە دونیامان نەخست و ئەو هەمووی خستینە ژێر
|
ئیعتیبار و دەستەڵات و پاڵەوانیمان نەما
|
ناخەلف بووین و ڕەوشتی باب و باپیرمان نەگرت
|
خواشناسی و ئیفتیخار و خانەدانیمان نەما
|
ڕوو لە چۆلی غەفڵەت و پشتمان لە کەعبەی مەقسەدە
|
ئەی موسوڵمانینە کەڵکی ئاوەدانیمان نەما
|
چونکە سەججادەی پدەرمان خستە سەر جادەی عەدوو
|
زەوقی دین و خوێندنی سبع المثانيمان نەما
|
خاوەنی خەرمان و مێگەل بووین و ڕوتبە و ئیعتیبار
|
ئێستە باشاری شوانی و ئاشەوانیمان نەما
|
دوزدی پیری گەنجی عومری خۆشەویستمانی دزی
|
بۆیە وا مات و کزین و شادمانیمان نەما
|
گاور و جوو واز لە دین و مەسلەکی خۆی نایەنێ
|
دینی موسلیم وا لەبەر شێت و نەزانیمان نەما
|
دائیمەن دەرد و بەڵامان زۆر و بێ بارانییە
|
موستەحەقمان بێ کە ئاوی حەوز و کانیمان نەما
|
ئابڕوومان وەک عەرەق ئەتکێتە جام و بادەوە
|
حوڕمەتی دینمان وەکوو چایی بەیانیمان نەما
|
سابیری فەقر و قەناعەت فەخرە بۆ دینپەروەران
|
سەد شوکر وا مەرتەبەی دونیایی فانیمان نەما
|