پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن
پاییزمان بۆ هات بۆ گیپە خواردن | هەندێکیش پارووی یەکتر ژماردن |
دوای گیپە کەشکەک نەریتی کۆنە | کە بەفریش باری دۆکەشک و ڕۆنە |
ئەم دوو خۆرایە خۆڕایی نییە | کەم دەست ئەیزانێ مەسرەفی چییە |
ئیمام باییڵدی هێندەی تێ نەچوو | لە تاوا ئیمام لەسەر خۆی ئەچوو |
کەشکەکیش ترێ ڕەشکەی پێ ئەوێ | ئەمانە بۆ من چۆن ڕێک ئەکەوێ |
کەشکەک و گیپە بۆ دەورێ خۆش بوو | کەسوکار بۆ یەک دڵ بە پەرۆش بوو |
ئێستا برایی بڕاوەتەوە | چرای دڵ ڕوونی کوژاوەتەوە |
ئەیشخوا و پێت ئەڵێ لە باتی چاکە | مویێ لە بەراز بێتەوە چاکە |
هەرچی ئەیبینی هەتا حەیوانات | بیلاوێنیەوە ڕوو ئەکاتە لات |
ئەم بنیادەمە هی وامان تیایە | خزمەتی ئەکەی ڕەنجت بە بایە |
ئەگەر ئایینی ئیسلام بگرین | وەک براین ڕەخنە لە یەکتر ناگرین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 892
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|