پاییز دڵتەنگە، پاییز دڵتەنگە
|
هەوری نوێی پاییز زویر و دڵتەنگە
|
ڕەشەبا لێمان بە ژار و ژەنگە
|
گەڵاڕێزانە گوڵ ئاڵتون ڕەنگە
|
شەتاوان وەک مار لە دەشت پێچ ئەخۆن
|
وەک سەوداکاران شێت و سەرەڕۆن
|
تەم بە بەرگی شین سەرکێوی پۆشی
|
بلبل خزایە لانەی خامۆشی
|
خەڵووزە گەڵای بێستانی سووتان
|
گەلاوێژ بەرگی هەتیوی دڕان
|
کچە کورد بە ڕیز بە بەرزانەوە
|
بە لەرز ئەلەرزان بە بەرزانەوە
|
مناڵان سەریان کەوتە ژێر قۆچکە
|
هۆمان کەوتۆتە بەر بەڕوچکە
|
ئەمانڕوانییە ڕۆژ بە ڕووی ساردەوە
|
ئیستا پێویستە وا خۆی شاردەوە
|
قاز و قوڵینگان هاتنە خوارەوە
|
قیژ و هووڕیانە بە سەر شارەوە
|
شەوگار درێژ بوو بۆ ناڵەی غەمگین
|
زستان ستەمە بەبێ دڵدار ژین
|
یارم بە ئاشتی دەڵێن دێتەوە
|
بەختە بنوو با نەسڵەمێتەوە
|
گشت هاواریانە لە بەختی نوستوو
|
من هاوار ئەکەم بەختە زوو بنوو
|
خاڵانەی ئەوەی وتم چاوکاڵان
|
تا چاوکاڵ ژینی بردم بە تاڵان
|