پاییز هات گەڵای داری هەڵوەراند
پاییز هات گەڵای داری هەڵوەراند | وەیشوومە پشتی بێ پشتی شکاند |
دار ڕووت بوو گەڵای کەوتە بنەوە | پیر و جوان تێکڕا لێک ڕاست بوونەوە |
ئەو درەختانەی کە وا بێ بەرن | ئەشێ هەر وەکوو کەوا بیبڕن |
پیاویش کە وا خۆی لە خۆی بگۆڕێ | بێ بەرە، بیبڕە، بیخەرە گۆڕێ |
«کَفَی بِالشَّیْبِ وَاعِظا» هەیە | نایەتە بیرمان کە پیری کەیە |
«حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَکِیل» | بۆ هەموو کارێک ئەبێ بە دەلیل |
«أَطِعْ رَبَّکَ تُسَمَّی عَاقِل | وَلَا تَعْصِهِ تُسَمَّی جَاهِل» |
فەقیر لای خواوە کە ڕزقی بۆ بێ | لەولاوە زۆردار دێت و تێی ڕۆدێ |
ئەڵێن ئەوەی چشت لە خەڵک ئەفڕێنێ | پەردەی نامووسی خۆی ئەدڕێنێ |
واتەی کەم دەستە ئەم بەند و باوە | ئێستا هەڵمەت و فڕاندن باوە |
خوا زۆر بە حیلمە و ئێمە بە پەرۆش | دەریای غەزەبی درەنگ دێتە جۆش |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 691
1942/12/01
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|