پڕیەتی سندووقی دڵ دایم هەتا دووسەد هەزار
|
گەوهەری پڕقیمەتی ئەشعاری شۆخی خۆش شعار
|
سەرفی ناکەم من لە بازاڕی پڕوپووچا بە هیچ
|
یەعنی زوڵف و پەرچەم و خاڵ و خەتی ڕووی گوڵعوزار
|
ڕوو لە بەحری فکری ڕووناکم بە تەشبیهاتی چاک
|
ڕوو بە ڕۆژ ... موو بە قەید و تاری زوڵفی لەیلی یار
|
سووڕەتی مەیخانەکەم چاوی پیاڵەی مەی، مەزەی
|
ترش و شیرینی قسەی لێوی کە ئەڕژێنێ بە بار
|
ڕوومەتی دانێم بە باخ و پرچی پەرژین چین بە چین
|
هەردوو چاوم پاسەوانی بێ بەشە و نەگرێ قەرار
|
با قەدی دانێم بە موویەک نەک بە موو یەک نیوە موو
|
مەمکی نارنج و لیمۆ یا هەر بڵێم جووتێ هەنار
|
خۆم بە کەو کەم یا بە کۆتر بۆ نەچیری چاوەکەی
|
هەر وەکوو شابازی قاتڵ بێتە سەر دڵ بۆ شکار
|
خاڵی با دانێم بە دانە و موو بە داوی مورغی دڵ
|
چینی ئەگریجەی بە دووپشک و قەفی زوڵفی بە مار
|
نوقتەیەک دانێم لە جێی دەم چاو نەزانێ چی ئەکەم
|
قامەتی دانێم بە عەرعەر یا بە سەروی جۆیبار
|
دین و ئیمانی بکا پێشکەش سەری دانێ لە ڕێی
|
زاهیدی سەد ساڵە عومرێکی کە عابید بێ لە غار
|
نییەتی پێ دێ بە ڕۆژوو بێت و برۆی گەر دەرکەوێ
|
چاوی مەستی پڕ لە غەمزەی نێرگسی فەسڵی بەهار
|
شێخ و سۆفی گەر بە عیشوە و جیلوەیێ بێنن یەقین
|
لا دەبەن مێزەر بە مەستی دێنە بەزمی عوود و تار
|
شاعیران یەکسەر لە عەشقا چوونە مەیدانی فەنا
|
حەببەیەک نەمدی بەدەس بێنن لە مەزرووعاتی یار
|
یا بە سوورمەی چاوی نابینا و یا ئەکسیر ئەکەن
|
گەر لە خاکی ژێری کەوشی بێتە دەر تۆزی غوبار
|
موختەسەر ئەشعاری سەعدی هەر یەکی شارێ ئەژی
|
حاجی قادر فکری تیژی بوو بە وێنەی زولفەقار
|
موفتی بەم تەرتیبە گەر بارێ غەزەل کۆکەیتەوە
|
کەس بە فلسێ نایەوێ بیبەیتە ناو بازاڕ و شار
|