پیاوێک پازدە ساڵ دراوسێی من بوو
|
فەرشی حەسیر و قووتی هەرزن بوو
|
هەر هەوڵی ئەدا بە ڕۆژ و بە شەو
|
نە ئارامی بوو نە خۆراک و خەو
|
دوو کەری هەبوو لات و گەڕ و لەڕ
|
بۆ دارفرۆشی لە وشک و لە تەڕ
|
ئیتر بەدایم پۆشا دڕاو بوو
|
هەناسەسەرد و بێ نان و ئاو بوو
|
شەوان گوێم ئەگرت ئەهاتە زمان
|
گلەییی ئەکرد لە زاتی یەزدان
|
ئەیوت سا خوا کەی ئەمە ژینە
|
میکائیل بۆچ وا لە من بە قینە
|
منیش بە ناچار لێی هاتمە زمان
|
وتم هەی وەحشی نەفامی نەزان
|
خوا فەرموویە بۆ ئەم جۆرە ژینە
|
مەککە خۆش نییە بڕۆ مەدینە
|
تۆش ئەمجار ئیتر واز لە دار بێنە
|
بفرۆشە کەرت هێستر بسێنە
|
بیبە بۆ شاران باری توجاران
|
هۆشێ بێنە سەر هەروەکوو یاران
|
کرێی پارەکەی ئەم سەرت هەموو
|
بیدە بە دەرزی و سووزن و دەزوو
|
ئەبێ بە سێ بار کرێی دووبارەت
|
وەک زیارەت وایە لەگەڵ توجارەت
|
ئەویش پیاوانە بە گوێی منی کرد
|
چیم پێ وت کردی زوو بە دەستوبرد
|
بێ درۆ ساڵی پڕ نەکردەوە
|
بە ئارەزووی خۆی مەرجی بردەوە
|
کە وا بوو ژیان بە تێکۆشینە
|
بێ کۆشین بەشەر بەشی هەر شینە
|