خوا دولبەر کە بێ ڕەحمە لەبەرچی قەهری بسیارە
|
دڵم وەک تەیری بێ باڵە بەدەس تفڵۆ گرفتارە
|
خەمی دەورەی وەها داوم نییە ڕێگەی فیرارم قەت
|
لە هەر سەحرایێ دانیشم خەیاڵم چەشنی دیوارە
|
ڕەقیب داخی دەروونت بێ کە ناڵەی پڕ لە دەردم بوو
|
نەخۆشی خستە ڕووی دنیا ئەڵێن چاوانی بیمارە
|
بە گەرمی لەرزوتێ عالەم ئەسووتێنم بەیەکجاری
|
لە داخ ئەم بەختە نووستوومە کە بەختی خەلق هوشیارە
|
لە لێقەومانەوە زانیم کە سەرگەردانی زۆر چاکە
|
بناغەی مەجلسی بەزمە پیاڵەی مەی کە دەووارە
|
زوخاوی جەرگ و تاریکی دەروونم ڕەش وەکوو زوڵفن
|
چ خۆشبەختم لە هەر لا بم ڕەفێق و مونسم یارە!
|
لەسەر مەشقی برۆی تۆوە وەسا شمشێری ڕاکێشا
|
لە جەرگی من درا بۆیە لە گوڵی جەوهەری دیارە
|
خەلایق مات و حەیرانە بە نەفخەی ساعقەی دووریت
|
وەلێ قانع بە ئاوی لێوی تۆیە زیندوو و هوشیارە
|