پیری کردم دەرد و زامی عەشقی جانان ئەی دەریغ
|
تووشی من بوو داستانی پیری کەنعان ئەی دەریغ
|
مەحرەمێ دەست ناکەوێ شەرحی غەمی دڵ بالتمام
|
پێی بڵێم بەڵکوو دەواکا دەردی هیجران، ئەی دەریغ
|
بولبول و گوڵ، شەمع و پەروانە هەموویان پێکەوەن
|
من وەکوو یووسف بەتەنها حەپسی زیندان ئەی دەریغ
|
دڵ بەدووتا هات و چاودێری کە یا بینێرەوە
|
با نەفەوتێ میحنەتی کێشاوە بۆمان ئەی دەریغ
|
داد و فەریادم لەلای ئەو شۆخە تەئسیری نییە
|
گەرچی فرمێسکم جیهانی کردە تۆفان ئەی دەریغ
|
تابەکەی قوربان بناڵێنم لەناو بەیتولحەزەن؟
|
بۆنی جامەی تۆ نەهات بۆ نووری چاوان ئەی دەریغ
|
مەحرەمێ دەس ناکەوێ ئازاری دەردی پێ بڵێم
|
ڕۆژ و شەو یار و حەکیمم بۆتە گریان ئەی دەریغ
|
ئەم هەموو گریانە یا ڕەب بۆ چی تەئسیری نەکرد
|
شیوەنم مانەندی تۆفان خەڵکی شێوان ئەی دەریغ
|
سابیری لا تقنطوا موژدەی تەواوی دا بە تۆ
|
حەیفە قەلبت موتمەئین نابێ بە قورئان ئەی دەریغ!
|
بووعەلی سینا لە سۆز و ئاهی سینەم عاجزە
|
لەم برینی بێ دەوا حەیرانە لوقمان ئەی دەریغ
|
تیببی جالینووس و لوقمان و ئەرەستوو موشکیلە
|
تێبگەن لەم عیللەتە یا خود لە دەرمان ئەی دەریغ
|
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تاقەتم چووبوو نەهات
|
بەڵکوو بێنە قالبی مردوو دڵ و جان ئەی دەریغ
|
سابیری هەر چاوەڕێی جەژنی ویسالی دولبەرە
|
کاشکێ ڕۆژێ دەبوومە قۆچی قوربان ئەی دەریغ
|