دەردی گرانە تووشی نەوەی نەخوێندەوار ئەبێ
|
مێردەزمەیە کە سواری کوڕانی بەکار ئەبێ
|
بەرزی خەیاڵە کە هەڵیئەبڕێت بۆ کەمەندی بەند
|
زیهنی تەڕ و جوانە کە بە شیعر ئیختیار ئەبێ
|
سواری «سمندر» سم لە هەوادایە لە مەعنییا
|
نازانێ کە کەوتە خوارەوە، غەمخوارە خوار ئەبێ
|
ئاهەنگی وەزن و قافیەیە بە شەو لە کەللەیا
|
تاری درۆیە بە «أحسن أكذب» ئەشعار ئەبێ
|
دەعیەی دەماغی نایەڵێ کاسبیەک بکا بۆ خۆی
|
بە شەو خۆی پیادەیە کەچی خەوی لێ سوار ئەبێ
|
دێتە ئەمەی کە بنووسێت، لەپڕ شیعری دێ بە تاو
|
نەینووسێت بیری نامێنێ ڕەنجی بە خەسار ئەبێ
|
تاریکە ژوور، چرای نییە، بۆی دێتە دەر بۆ حەوشە
|
گەر مانگیش نەمابێت، ئەستێرەی شەوقی دیار ئەبێ
|
بەو ڕەنگە وا گریمان قەسیدەکە تەواو کرا
|
کەس نابێ کە بۆی بخوێنێتەوە بێ قەرار ئەبێ
|
جارێکیان لە ئەستەموڵ لە شەوا تازە شاعیرێک
|
شیعرێک ئەڵێت لە خۆشی ئەو شیعرە گەشکەدار ئەبێ
|
چی بکات؟ ئەچێتە بەردەرگا و بەگچییەک تێئەپەڕێ
|
بانگی ئەکات بۆ خوێندنەوەی، ئەوسا شیعری سوار ئەبێ
|
بەم ڕەنگە فێری شاعیری بوون و سەهلە دوای ئەمە
|
سەد قۆرتی وا هەیە کە گوزەران ژاری مار ئەبێ
|
چاوی ڕوا کە بەشکو نانی لە «دوونان» دەستکەوێ
|
گەر ڕۆحی بوایە مەدحی درۆ شەرمەزار ئەبێ
|
کەوتووینە دەورەیەکەوە کە بە هەزار بەزم و نەزم
|
باوەڕ مەکە کەرەمکەر کە بە دەست ئیختیار ئەبێ
|
هەجویش ئەکەی، پەڵێکە کە ئەیهاویە ناو جۆگەلە
|
داوێنی هەجوەکەشت بە پریشک لەکەدار ئەبێ
|
من ئەم قسانەم بۆ ئەدەبی میللەتەکەم ئەکەم
|
کە ئاوێنەیەکە زۆر کەسی وای تیا دیار ئەبێ
|
شیعرم هەیە کە بانگە لە ناو کوولەکەی تەڕا
|
بووکم هەیە وەکوو مانگە؛ بەڵام جێی حەسار ئەبێ
|
زۆری نەماوە کوڕگەلی کورد بێنە ناو کایەوە
|
ئەوسایە شەخسی شەخسی خۆی بەخۆی سەنگەسار ئەبێ
|
ئەنجار ڕەواجی شیعر و ئەدەب وەختی دێتە بڕەو
|
ئەو سنعەتە نەفیسە هەر هەمیشە بەهار ئەبێ
|
نەزمی جەلیلە کە موعجزەی «خاتم النّبی» یە
|
شیعریش بەشێکە لە حیکمەت، وەک دین پایەدار ئەبێ
|
هاتم بە قافیە و بە قسەی قۆڕ و لەنگ و درێژ
|
نووسیم نەوەک بڵێن کە تەڵاکەم کەمعەیار ئەبێ
|
خۆزگە ئەوانەی وا بە فەساڵ و بە فیشاڵ ئەدوون
|
لەو تیرەیە دەبوون کە تیر و کەوانیان دیار ئەبێ
|