پێم بڵێ تا کەی لە دووریت دڵ بە ئێش و خەستە بم
|
چاو بە خوێن و سینە ڕێش و وا بریندار جەستە بم
|
تاکوو کەی جەرگم بریندار بێ بە شین و ناڵەوە
|
هەر لەسەر تاکوو قەدەم من زەهری ماران گەستە بم
|
چاوەکەم تۆ بی و خوا وەک قاتڵان تا کەی ئەمن
|
بەو شکەنجەی پەرچەمی خاوت ئەبێ پا بەستە بم
|
تۆ بڵێی خوا لێت قبووڵ کا ئەم هەموو جەور و جەفا
|
خوڕەم و دڵخۆش ڕەقیب و من زەدەی ئەو شەستە بم
|
سا تەرەححوم کە بە حاڵم تو جوانیت دولبەرا
|
با بە وەسڵی قامەتت ساتێ لە دەس غەم ڕەستە بم
|
بۆچ ڕەقیب وەک سەگ نەناڵێ کەعبە کەچ نابێ ئەگەر
|
دەفعەیێکیش من لە سایەی پەرچەمی پڕ دەستە بم
|
کەیف و شەوقی شەهریاری چۆن ئەبێ بەو عوشرەتە
|
جورعە نۆشی شەهدی ماچی ڕوومەتی بەرجەستە بم
|
چی ئەبێ گەر مەرحەمەت کەی دولبەرا ماچێ بە من
|
مینە ئاسا با زەمانێ من بە تۆ پەیوەستە بم
|