پێنجخشتەکی قانع لەسەر شێعری خاتوو خورشیدی دایکی

پێنجخشتەکی قانع لەسەر شێعری خاتوو خورشیدی دایکی (1955)
by قانع
306790پێنجخشتەکی قانع لەسەر شێعری خاتوو خورشیدی دایکی1955قانع
کچ کە کەوتە چواردە ساڵە، هەر کوڕی لاوی ئەوێ پەرچەمی چین چین و لوول و ئەگریجەی خاوی ئەوێ
پەلکەیی شۆڕ و درێژ و زوڵفی قرتاوی ئەوێ هەندێ کچ بێ تەجرەبە سووراو و سپیاوی ئەوێ
مێخەک و عەتر و بخور و سێوی نەخشاوی ئەوێ
بێ ئەوەی ئیشێ بکا، خاو و خلیچک و مانووە بۆ وڵامی داک و بابی، پڕ بەهانە و بیانووە
دەورییەی کۆڵانەکان و حەسحەسی سەر خانووە بیر لەوە ناکاتەوە، ساڵێکی تر کەیبانووە
دائیمەن سەیر و سەفا و بەزم و شەو ڕاوی ئەوێ
قەت دڵی ڕاناچڵەکێ بێژێ لەلای پیاو تاڵ ئەبم بەینێ تر مەسئوولی ئیش و تەربیەی منداڵ ئەبم
دەستە پاچەی ناو ژنان و بێ بەها و بێ حاڵ ئەبم ناڵێ من بەینێکی تر، کوێخا و سەرۆکی ماڵ ئەبم
ئەو کەسانەی وا سەرۆکن، عەقڵی گونجاوی ئەوێ
دائیمەن هەر هەوڵ ئەدا، بۆ تەوق و گوڵ بیدا لەسەر دەرکی لێ قایم بکەی جا سەر لە کون دێنێتە دەر
هەر خەریکی هیچ و پووچ و ئیشی بێ جێگە و سەمەر هەر ئەڵێ بەخوا کراسی سوور نەبێ نایکەمە بەر
ژێر چەناخە و کرمەک و گوارە و کلی چاوی ئەوێ
زۆر کچی وامان هەیە، ئایا لە دێ یاخود لە شار سەیر ئەکەی چەن شۆخ و شەنگە، جوانە وەک دەنکی هەنار
خاوەنی زانین و بیر و کانی نامووس و ویقار هەندێکیش دڵ مردەیە و، ژیرە لەسەر هەر ئیش و کار
تف لە زەرق و برق ئەکات و شۆرەت و ناوی ئەوێ
ڕۆژ لە ڕۆژ ئیشکەرتر و، زاناتر و پڕخێر ئەبێ بۆ جوانیش دەم بەدەم، هەر وەک گوڵی زەنوێر ئەبێ
دەربەسی شوو نایە ئایا، زوو ئەبێ یا دێر ئەبێ هەر تەماشای دەستی دایکی خۆی ئەکا تا فێر ئەبێ
پاش هەموو عەقل و شعوورێ، خزمەتی پیاوی ئەوێ
هەوڵ ئەدا بۆ پیاوێ ژیر و تێگەیشتوو خۆێندەوار چابوک و بێ فیز و ئیشکەر، کاسبێکی بێ دەمار
دوژمنی قڕکا بە نرکە، هەر وەکوو شێری شکار نانواڕێ بۆ کوڕێکی قنج و قیت و مشکی لار
پیاوێکی پڕ هۆش و بیر و خاوەنی ناوی ئەوێ
نانواڕێ بۆ یەکێکی سەرسەری و بێ ئیش و کار نایەوێ گەنجێ تەمەڵ بێ و دەس سپی بێ و زار و خوار
یا خۆ مایل بێ بە ئارەق، یا حەشیشە یا قومار نایەوێ مێردی گەزندە و پیس بێ هەر وەک کوێرەمار
کاسبێکی گورج و گۆڵ و بێ بەن و باوی ئەوێ
ئەی کچم، ئامان بفامە ئابڕوی خۆت بۆ ئەبەی بۆ بە ناحەق خۆت لە پێش چاوی هەموو گەنجێ ئەخەی؟
دەوری تێکۆشینە ئەمڕۆ، تۆش وەرە تێکوشە دەی سەیری خۆرشید کە، کچم ئەمجا ئەزانی چی ئەکەی
چۆن حەیا و ناموسی خۆی و هۆزی فەوتاوی ئەوێ


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).