برا ئەزانم دەستت بەتاڵە
|
دڵت پڕ لە خەم ماڵ و مناڵە
|
بیرت هەر لەلای زەڕات و گاڵە
|
«قانع، بەڕاستی مەیکە بە گاڵە
|
لە داخی خوا حاڵم بێ حاڵە»
|
هەر خۆی خوایە هەرچی کە ئەیکا
|
بە هەرکەس بەشێ زۆر یا کەم ئەدا
|
هیچ عەیب ناگیرێ لە کاری خوا
|
«عالەمی خولقان، ڕزقیان ئەدا
|
بۆ هێندێک مەنێ، ڕزقی یەک ساڵە»
|
بۆ یەکێ دەوڵەت بێ حەدد و حیساب
|
بۆ یەکێ نانی وشکی پڕ عەزاب
|
بۆ هێندێ بێ سووچ پڕ قین و عەتاب
|
«بۆ یەکێ پڵاو، خۆرشت و، کەباب
|
بۆ هێندێ گەنم، بۆ هێندێ گاڵە»
|
قەرار ناگریت، لەسەر هیچ کارێ
|
هێندێ موحتاجە بۆ کۆڵە دارێ
|
هێندێ تێر نابێ، بە سواڵی شارێ
|
«بۆ دەستەیێ تر وەها ئەبارێ
|
وەک بەفر و باران، وەک بای شەماڵێ»
|
یەکێ بۆ نانێ ئەخەیتە حەی حەی
|
ئەدەی بە یەکێ، تەختی جەم و کەی
|
یەکێ لە برسا زەرد ئەکەی وەک بەی
|
«چایی شیرین و پڵاو، پەیاپەی
|
بۆ یەکێ ئەڵێی، کەری جەجاڵە»
|
ئەڵبەت! من و تۆ دوژمنی خوواین
|
یان وا هەڵ ئەگرین، چۆن شێخ و مەلاین
|
بەتەنیا و بێ کەس بێ خزم و براین
|
«هەرچەندە تەواو کوردستان گەڕاین
|
خوا، ئەو خوا و، ماڵ هەر ئەو ماڵە»
|
خواردنی فیلێ ئەدا بەیەک مۆر
|
هیچ جیا ناکاتۆ، لە سپی و لە بۆر
|
ڕۆزیم نەدیوە، نەکەم و نە زۆر
|
«ئەوا من مەلام ئەڵێم بە هەر جۆر
|
خۆ قانع ئەدیب فیکر و خەیاڵە»؟!
|
غەرقی نیعمەتە هەرکەس بێ دینە
|
بەشی دینداریش شین و گرینە
|
بەخۆت سوێنتەدەم! ئەمە شیرینە؟
|
«لیباسی هەندێ فاسۆنی شینە
|
جوو ئەنەخشێنێ وەک گوڵی ژاڵە»
|
گوێم بۆ ڕاگرە پادشای بێ باک
|
گیرام خرابتر بمخەیتە ڕووی خاک
|
دەردی دڵی خۆم، ئەڕێژم سەر پاک
|
«ئەدەی بە بەعزێ قۆندەرەی زۆر چاک
|
منیش چم چمە، یاخۆ مەشکاڵە!»
|
خوا من و تۆ بێینە گفتوگۆ
|
محاکمە کەین، ڕاست و بێ درۆ
|
من کە دامە زک، بۆ نانێنکی جۆ
|
«ئاخر بە کام ڕوو، کڕنووش بەم بۆ تۆ؟
|
سەدجار بە خۆت سوێند، حاڵم بەدحاڵە»
|
جەبرەئیلم کوشت، یان کابەم سووتان؟
|
خزمەتم نەکرد، بە شەرع و قورئان؟
|
چەندەم بۆ خوێندی سوورەی «الرحمن» ژ؟
|
«بۆچی یەزید بووم حسینم فەوتان؟
|
ڕووی تۆ، لە حەنام ئەوەندە تاڵە؟»
|
مزگەوتەکانت سەرپاک ڕووخاوە
|
هەرچی پیاو تۆ بێ، چاک لێی قەوماوە
|
هەمیشە داماو بێ نان و ئاوە
|
«نازانم! خەزنەت بۆ کێ داناوە؟
|
مەلاکانت ڕووت، لنگ وەک چەتاڵە»
|
هەرتۆ عالەمت خستە گیروداد
|
شیرین بۆ خەسرەو، تەشوێ بۆ فەرهاد
|
بەش کردن وایە؟ هەی داد و بێداد!
|
«وادەی من و تۆ و ڕۆژەکەی میعاد
|
شەرت بێ لەحەشرا، بیکەم بە گاڵە»
|
سەدجار قووڕانم بە هەناسەی سارد
|
بۆ مشتێ هەرزن، بۆ لەوێچێ ئارد
|
وتم بینێرە، کە تۆ هەر نەتنارد
|
«ئیتر میکایل تەڵاقی بۆ خوارد؟
|
کە بەشم نەدا لە بەڕووە تاڵە!!»
|