پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم

پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم (1941)
by موفتی پێنجوێنی
308463پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم1941موفتی پێنجوێنی
پێنجوێن بەبێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم

تازەبووکێ بووی بەسەر چیاوە ئەهاتنە سەیرت لەم لا و لەو لاوە
پارچە ئەرزێ بووی لە پارچەی بەهەشت زەرد و سوور و شین کەژ و کێو و دەشت
سەیرانگای پۆلی گەنجی عێراق بووی لەم سەردەمەدا بۆ خۆشی تاق بووی
جێگەی هەزاران بێ نان و ئاو بووی هەرچەند ناحیە بووی شاری تەواو بووی
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم

بۆ هەوای ساف و ئاوی ساردی تۆ ئەکەم هەتا هەم شیوەن و ڕۆڕۆ
میوەی بەهەشت بوو تامی میوەکەت کەوسەر بوو کانی و چەم و شیوەکەت
ئێران و عێراق چاویان لە تۆ بوو مردووش لەناوتا بە ڕەنگ و بۆ بوو
سەد دڵی سیست گەش ئەکردەوە سەد خەمت لە بیر من ئەبردەوە
شاری غەزنە بووی بێجگە لە خۆشیت خۆشی بوو سەرپاک دەرد و نەخۆشیت
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم

تازە وەکوو کەو خاڵت ڕشتبوو شارانی ترت بە داخ کوشتبوو
لیوا لە چاو تۆ وێرانە دێ بوو حەکیم بووی دەوای سەد دەردت پێ بوو
جاربەجار ئەڵێن غەزەبی خوا بوو دۆعای خاسان و شێخ و مەلا بوو
خۆ تۆ بە تەنیا بەقەد کوردستان بۆ خاسانی خوا بووبوویتە بێستان
بێجگە لەوانەش هەتا دوو هەزار بەخێوت ئەکرد فەقیر و هەژار
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم

هەر چاوی چڵکن کاری تێکردی وەک تیری قودرەت لە ناوی بردی
ئێمەش بە جارێ بە خۆشی تۆوە هەر بە سەرخۆشی ئەچووین بە ڕێوە
بێ خەم و مەراق وەختی ئێواران ئەچووینە چوارباخ پۆل پۆل بۆ سەیران
بێ عەرەق مەست بووین بێ شەراب سەرخۆش ژن و پیاو یەکسەر خۆشخۆر و تەڕپۆش
وا ئەمڕۆ قەدری خۆشیت ئەزانین کە وا پەڕگەندە و بێ خانە و لانین
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم

نەک هەر من تەنیا پڕ داخ و دەردم نەک هەر من تەنیا هەناسەسەردم
هەر کەسێ ڕۆژێ کە تۆی بینیوە وەک فەنەر قەفقەف پشتی چەمیوە
عێراق بەجارێ بە شار و دێوە ماتەم باری تۆن بە نێر و مێوە
منیش بە قەدەر گشت ئەنحای عێراق وا لەسەر شانم ماتەم و مەراق
پێنجوێن بە بێ تۆ نزیکە مەرگم

لوبنان شکێن بووی داخی بە جەرگم


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).