من خوڵامی ئەو کەسەم ئیشی هەموو مەردانە بێ
|
وەک گوڵی مەجلیس بە چەشنی نەرگس و ڕێحانە بێ
|
بێتە سەر بازاڕی نووسین گفت و گۆی پیاوانە بێ
|
عەیبە شاعر لەم زەمانە یاری زڵف و شانە بێ
|
یا سپاسی قامەت و گوڵزاری ڕووی جانانە بێ
|
بیر و هۆشی شوعلە دەربێ هەر وەکوو نووری قەمەر
|
هۆزی هەستێنێ لە ئەو لادێ لەسەر ڕێگەی خەتەر
|
دەستە ئەژنۆ دابنیشێ دڵ پڕی شین و چەمەر
|
هەرکەسی لامی ئەدیبی و شاعری بێنێتە سەر
|
حەیفە ئەشعاری خەرافی یا قسەی ئەفسانە بێ
|
بۆ ئەدیبان عارە ترسی بەند و کۆت و دار و گیر
|
هەر ئەبێ ئامادە بێ دایم لەبۆ زنجیر و شێر
|
عەیبە باسی قەوسی ئەبرۆ و چاوی مەست برژانگی تیر
|
شاعرێ بێ کەی بە کوردی، یافی خاوەن هۆش و بیر
|
چۆن ئەبێ هوشیار و زانا هۆنەری لەرزانە بێ
|
کاکی شاعر بۆ ژیانت بێرە بەزمی هات و چوو
|
تێبکۆشە بەشکوو بێیتە ڕیزی خەلقی زووبەزوو
|
لابە نەفس و ئارەزوو دەربێنە بۆ خۆت ئابڕوو
|
هەر ئەدیبێ خۆی لەسەر خاڵ و خەت و ئەگریجە بوو
|
من لەحەق داوا ئەکەم خوا بیبڕێ با هەر نەبێ
|
نامەوێ عەیبی زەمان دەرخەم لە کەم هەر تا بە زۆر
|
هەر بڵێم ئەم سوور و جوانە، ئەو سپی، ئەو شین و بۆر
|
هەر وتوومە و هەر ئەڵێم فکری دڵی پڕ شەوق و شۆر
|
تف لە چاوی خۆ پەسەند و خۆژیین و مفتەخۆر
|
ناحەزی خزم و برایی و نۆکەری بێگانە بێ
|
قەت نەڵێی داخی گرانم حاڵی گەنجیم چوو لەدەس
|
تازە پیر و داوەشاوم ناگەمە هاوشانی کەس
|
عەیبە بۆ خۆت حوڕ نەبی خۆت کەی بە تەیری ناو قەفەس
|
پیاو کەسێکە بۆ ژیان و جیفە تا ئاخر نەفەس
|
نۆکەری شێخ و خوڵامی بەگ لەر و ئاغا نەبێ
|
پیاو ئەبێ قەت کۆڵ نەدا هەرگیز لەسەر هەوڵ و تەلاش
|
قانع و ڕازی بە بەش بێ، چەکمەیی یاخۆ کڵاش
|
چەندە خۆشە ژینی هۆڕی دەس بەکار و دەم هەراش
|
عیززەتی نەفسی وەها بەرز و قەوی بێ بۆ مەعاش
|
چاوەڕوانی باخەڵ و دەستی وەزیر و شا نەبێ
|
نانی مەردانە بخۆ ئیقرار ئەکەم حاتەم کە تۆی
|
بۆ هەوانتە تێمەکۆشە، ئەو زەمانە هات و ڕۆی
|
لابە تێ هەڵدە براکەم نانی مننەت قەت نەخۆی
|
خۆشەویستی خوایە هەرکەس قاچ و شاون دەستی خۆی
|
تووشی زەحمەت کات و لا کەس ملکەچ و ڕیسوا نەبێ
|
دەستە دەستە دێن لە دووی، هەر وکوو مانگا بە کەڵ
|
هەر وەکوو بۆ پاشە خۆنی گورگ ئەچن ڕێوی و چەقەڵ
|
پان بە پان کوردی ئەڵێم خاڵی لە گشت ڕەمز و مەتەڵ
|
من لە حەق داوا ئەکەم بمرێ، نەژی پیاوی تەمەڵ
|
گەر وەکوو هاوڕێ بە کار و زیرەک و ئازا نەبێ
|
عادەتی دنیا وەهایە هەر لە عەسری ئادەما
|
پیاوی دانا گێژ ئەخوا دایم لە گێژی ماتەما
|
قەت نەبوو عاقڵ بژی ڕۆژێ بەدڵ لەم عالەما
|
تێگەییشتوو هەر ئەناڵێنێ لە ژێر باری خەما
|
بێ مەراقی بۆ کەسێکە سەرسەری و دێوانە بێ
|
قانعا لەم عەسرەدا هەرچی ئەڵێی باسی سەرە
|
سەد هەزار شاعر لەتۆ چاکتر لە گیتی نۆکەرە
|
بەینی بەینەڵڵا کەلامی مفتی شەهد و شەککەرە
|
مفتی هەرچەند تۆ کە هۆنەر نیت و ناوت هۆنەرە
|
تاوەکوو مردن ژیانت ژینی ئینسانانە بێ
|