من و دڵ ئەمڕۆ ئەو شۆخە لە خۆشی یەک بە دەی کردین
|
لە جامی لەعلی سەرخۆش و موقیمی مەیکەدەی کردین
|
هەتا مەحشەر خومار و مەستی ناز و نەشئەکەی کردین
|
بە غەمزەی چاوی مەخمووری سیاهی مەستی مەی کردین
|
بە ماچی لێوی موستەغنی لە ئەنواعی مەزەی کردین
|
بە ئەو یارە بڵێن یاران چییە سووچ و گوناهی من
|
نەسیم ئەنگووت و شەو ڕۆیی چەمەن واڵا بوو ماهی من
|
چ قەوماوە مەگەر قوربان کە وا بەستووتە ڕاهی من
|
ترازا بەندی سوخمەی ئاڵی گوڵناری بە ئاهی من
|
کەچی دەستی لەسەر دانا لە سەیری باغی بەی کردین
|
لەبۆ یەک مەرحەبایێ چوومە لای یارم بە سەرخۆشی
|
نیقابی خستە ڕوخسار و بەجارێ کەوتە خامۆشی
|
کە وام دی ڕۆیی ئارامی دڵ و سەبر و فەرامۆشی
|
بە هەوری پەرچەم و زوڵفی ڕوخ و ئەبرۆی کە داپۆشی
|
لە شەوقی ڕوئیەتی بەدری هیلالی یەکشەوەی کردین
|
ڕەفیقانم کەسێ عاشق نەبێ لەم سیڕڕە نازانی
|
لە لایێ یار حەیاتبەخش و لە لایێ قابزی جانی
|
لە هەر دوو لاوە تەسلیمم بڵێن دەستم بە دامانی
|
ئەگەرچی کوشتمی خۆ قابیزولئەڕواحی موژگانی
|
بە قانوونی مەسیحایی بە خەندەی لێوی حەی کردین
|
لەبۆ خوێنڕێژی عوشاقان نیگارم گەرچی بێباکە
|
وەلێ ئەی دڵ لە ڕووی ئوممێدەوە جارێ تەماشا کە
|
مەڵێ سافی زەمان ئاخر بوو کەس ئیمدادی کەس ناکا
|
دەوایی دەردی دڵ «ناری» لە «تاهیربەگ» تەمەننا کە
|
بڵێ ئەمڕۆ گوڵئەندامێ بە تیرێ جەرگی پەی کردین
|