موژدە بێ ئەی یار و یاوەر هەر لە شا هەرتا شوان
|
پشتی یەکیان گرتووە کورد و عەرەب پیر و جوان
|
کەس بە کوشت نادا براکەی بۆ فلووس و بۆ قەران
|
وا بەجارێ کەوتە گیتی دەنگی ئازادی گەلان
|
بۆ بە فکری دڵ برایی و مەعرەکەی ڕێگەی ژیان
|
ئەو هەژارانە بە برسی دێ بە دێ ئەخولانەوە
|
ئەو ئەدیبانەی لەسەر حەق چوونە ناو زیندانەوە
|
ئەو سوارانەی لەناو دەشتی ئەجەل ئەگلانەوە
|
ئەو کەسانەی وا لەژێر پێی زاڵما ئەتلانەوە
|
ڕۆڵە ئازادین براکەم ڕاپەرین وەک پاڵەوان
|
چەن زەمانێکە هونەرمەن دڵ بەخەم ئەتلێتەوە
|
پەی لە پەی زامی دەروونی پڕ لە سۆی ئەکولێتەوە
|
ئاگری ڕووناکی بەرپێی کز دەبێ و ئەکوژێتەوە
|
زۆر لە مێژە ئەم جیهانە لار و کەچ ئەخولێتەوە
|
موژدە بێ ئەمڕۆ بە ڕێکی کەوتە خول چەرخی زەمان
|
وەک برا وانە بەدڵ ئەهلی قەڵەم ئەربابی چەک
|
کەس نییە گوێ شل بکا بۆ حەیچ و لوری گورگ و سەک
|
کەس فەریب ناخوا بە پارە و کەس لەکەس نادا کوتەک
|
سەد شکور باوی نەما دڵ پیسی و جاسووسی یەک
|
ڕۆژی تێکۆشینە ئەمڕۆ کەس لە کەس ناخا زیان
|
ئەی کوڕی باوکم بزانە خاکەکەت پڕ قیمەتە
|
پڕ لە مێوەی سەوز و سوور وپڕ لە ناز و نیعمەتە
|
بۆچی تێکۆشین لەلای تۆ هێندە قورس و زەحمەتە؟
|
پێ لەجەرگی خۆت بنێ ئەمڕۆ کە ڕۆژی هیممەتە
|
ژینی خۆت داوا بکە تا بێیتە ڕیزی هەندەران
|
چاوی هەڵدووراوی تۆ هەر خوێندنە ئەیکاتەوە
|
گۆی هونەرمەندی بزانە خوێندنە ئەیباتەوە
|
خوێندنە ڕێگەی ژیان و ئارەزووت ڕوون کاتەوە
|
ئەو زەمانە ڕۆیی زاڵم خوێنی تۆ بخواتەوە
|
وا بەسەر چوو دەوری ئاخ و داخی دڵ دەردی گران
|