ئەی وەتەن! ئەی یادگاری ئەردەلانی تاجدار
|
ئەی وەتەن! ئەی هێزی ئەژنۆ و مەرهەمی زامی جەخار
|
چونکە خەم چوار دەوری گرتم دێمە باسی چوار چوار
|
چوار شتن ئەمڕۆکە بوونە نەگبەتی کوردی هەژار
|
جەهل یەک، دڵپیسی دوو، بێ عەقڵی سێ، داوا چوار
|
بۆ کزی و پاشکەوتنت وا دێمە سەر گریان و ڕۆ
|
با کەسیش هاودەم نەبێ، شیوەن ئەکەم هەر خۆبەخۆ
|
گوێ کرە ئەی نیشتمان، دا پێت بڵێم بۆ پەستی تۆ
|
مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ
|
خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار
|
باخەوانی باخم و ئەمما لە میوەی بێ بەریم
|
کەس نییە جەرگی بسووتێ بۆ پەشێوی و سەرکزیم
|
وا سەرم شێواوە خۆیشم قەت بە خۆم نازانم چیم
|
نایەڵن بۆخۆم ڕەحەت بم، سەربەخۆ تاوێ بژیم
|
ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کوێخا چوار
|
بێ لەگەڵما قوڕ بپێوی ئەو کەسەی هاوفەردمە
|
هاو خەیاڵ و هاو نموونەی، ئاهـ و ڕەنگی زەردمە
|
شێت و سەرسامم لە داخا وا کە هەردە و هەردمە
|
من لە داخی سەرکزی ئەم میللەتە چوار دەردمە
|
سیل یەک، مالاری دوو، کوێری سێ، ئیسقا چوار
|
دەردەکەم دەردی گرانە، کەس نەزانە و کەس نەناس
|
تاوێ وێڵی سەر چیام و تاوێ شێت و تاوێ کاس
|
باوەڕم پێ کە بەوەڵڵا بێ درۆ و بێ باس و خواس
|
یادگاری ڕەنجی پەنجەی کوردەکانە چوار ئەساس
|
قەسر یەک، ئاراس دوو، شامات سێ، بەغدا چوار
|
بۆ نەناڵێ دڵ لە داغا، بۆ نەسووتێ وەک کەباب؟!
|
شۆری گریان و هەنسکم وا لەجێی چنگ و ڕوباب
|
قوم بە قوم زوخاوی جەرگم، خۆم ئەنۆشم وەک شەراب
|
باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراب
|
خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عابا چوار
|
دوێ لە ڕێدا، ئاهـ و ناڵەی دڵبرینێ هاتە گوێم
|
سەیر ئەکەم باوکی ئەزیزم، وردە وردە هاتە ڕێم
|
پێی وتم نازانی وریا، بۆچی من وا دێم و کێم؟
|
چوار سفەت مەوجوودە بۆ من، بۆیە هیچ کەس نایەوێم
|
«قانعی» یەک، شعر دوو، ڕووخۆشی سێ، مەللا چوار
|