پێکەنین دوانە، یەکێ هی خۆشی
پێکەنین دوانە، یەکێ هی خۆشی | ئەوی تر ژاری خەفەت ئەنۆشی |
یەکێکیان ناوی زەردەخەنەیە | ئەوتر ژارخەند، وەک ژار قەندەیە |
گریانیش هەروا لە دوو چشتا دێ | تەنگانە و کاتێ شینت دێتە ڕێ |
دووەمیان شادی و وەسڵی عەزیزان | خۆشییەکی وایە ئەتخاتە گریان |
ئەمانە هیچیان بایەخیان نییە | کە زوو بەسەرچوون کەڵکیان چییە؟ |
بەخۆشی تاسەر دڵ بەستە، بەستە | ڕێی ڕەزا بگرە، بڕۆ مەوەستە |
ئەوسا کە کەوتیە ڕێی عەشقی مەولا | تاڵی و شیرینیت یەکسانە لە لا |
ئەگەر ئەویشت لە لا گرانە | دڵنەوایی دۆست بە هەل بزانە |
دۆستی یەک دڵ و یەک زوبان چاکە | بەوە پیاو لە خووی بەدکار بێباکە |
دوو چشت لەگەڵ یەک هەڵکردیان نابێ | «تەماح» و «حورمەت» هەر چەند لای شا بێ |
واتەی پیاوانی کۆنە، دوور لە ڕووت | ڕیشی تەمەعکار بە ڕەشی نابووت! |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 782
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|