پەروانە و ماسی بۆ چرا و بۆ ئاو
پەروانە و ماسی بۆ چرا و بۆ ئاو | هەر دوو دڵدادەن بە ناو و بە داو |
هەردووکیان ئەمرن بە خواروژووری | ئەم بە نزیکی و ئەویان بە دووری |
گورگ و کەروێشک و شەمشەمەکوێرە | شەوگەردن سیانی وایش هەیە لێرە |
زەروو خوێنی پیس لە لەش دەردێنێ | بنیادەم خوێنی پاک ئەڕژێنێ |
ئارەق کە پیسە نەشە دەنوێنێ | مێش پاکە کەچی دڵ تێکەڵ دێنێ |
ئەسپی زل حۆرتی مل شاسەیوانی | کاتێکت زانی کە تێی نەهانی |
بەڵام فەحلێکی ڕەسەنی شیرپاک | سەری خۆتی پێ بسپێرە بێباک |
باگردێن سووک بێ بان دانامرکێ | پاڵەوان ئەخا کۆڵنج و برکێ |
دڵۆپە دایدا ناوەستێتەوە | هەودایێ گایێ نابەستێتەوە |
مریشک هێلکەی کرد گارەگار ئەکا | هەندێ بێ هێلکە پیاو بێزار ئەکا |
هەرچەند مشەمما هاتۆتە کایە | چەتر چاکترە لەو مشەممایە |
چەتر هەتاویش ئەگێڕێتەوە | سووکترە و پارەی ئەبژێرێتەوە |
وامان ئەزانی لافاو ئەمانبا | چلە بەسەرچوو نەما بەفر و با |
بورجی پیرێژن بۆ جوانە ژنە | پیریش و جوانیش دوایی مردنە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 592
1940/03/07
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|