منی بولبول ئەگەر گوێی دڵ لە ناڵەم تاوێ خاڵی بێ
|
خودا بەختم لە ئەو بەدتر گیرۆدەی ترش و تاڵی بێ
|
لە وەسفی ئەگریجەی خاوت ئەگەر شێعرێ بە دڵما بێ
|
لە تەئسیری ڕەشی زوڵفت ئەبێ دڵ هەر زوخاڵی بێ
|
نەبوو جارێ لەلاما دابنیشی دەس لە مل یەک کەین
|
مەگەر داخت لەگەڵ جەرگم ڕەفێقی مڵک و ماڵی بێ
|
من و تۆ سێبەر و خۆرین کە تۆ هاتی ئەبێ بمرم
|
ئەزانی قاعدەی عشقە کەسێ لەم بابە حاڵی بێ
|
هەموو زەخمی بەدەن کووچەی دەر و دیو چۆن نەبێ یاران؟
|
کەسێ پێکراوی پەیکانی کەمانی پووری زاڵی بێ
|
دیواری مەحبەسم شەرق و جنووب و غەرب و شیمالە
|
بەچیإبرا ئەبێ موجرم خەتاباری مناڵی بێ؟
|
ئەوەندە نەقشی لێوی تۆ لە جەرگ و دڵمەدا جێی گرت
|
ئەبێ خاکی مەزاریشم لەباتی سوور ئاڵی بێ
|
بە چاوگێڕان و دووزوانی لە قانع قەت نەدەی تەعنە
|
بەیانی خەم بە چاو و دەم ئەبێ هەر کوێر و لاڵی بێ
|