چاو لە عەشقی چاوی مەستی حەز لە هەر پەروین ئەکا
|
دەم بە یادی لێوی زەوقی تاڵی خۆی شیرین ئەکا
|
من بەبێ ئومێدی وەسڵی، بێستوونە مەسکەنم
|
ئەو بەبێ پەرویز و شیر و نازشی شیرین ئەکا
|
داغمەی دەردی فیراقت شینە بۆیە شین ئەکەم
|
بوردەباری باری میحنەت شین نەکا چۆن شین ئەکا؟
|
بولبولی گوڵزاری کوڵمی تۆ کە ڕۆحی عاشقە
|
کەی خەیاڵی ژاژ و پەڕ، یا سوسەن و نەسرین ئەکا؟
|
چینی زوڵفی خاوی چین چینت بخەیتە گەردنی
|
گەب بە لەعلی ئاو و دار و تف لە چینی چین ئەکا
|
تۆ کە قەسری جەننەتی ڕووت فەرموو سا بارووتی ڕووت
|
ٲدخلوها قانعين ئەگریجەکەم پەرژین ئەکا
|
گەر ڕەقیب مەنعم بکا بۆ گیان فیدایی قاسدت
|
ڕۆستەمی مەیدانی عەشقت چۆن بە گوێی گورگین ئەکا
|
ئەی شەهەنشاهی سەریر و تەختی هەر حوسن و جەماڵ
|
حەیفە بۆ تۆ حاکمی چاوت دڵم غەمگین ئەکا
|
هاتفی دوێنێ وتی: طوبى لك یا قانعی
|
تۆ شەهیدی یاری واعز سەهوە کا تەڵقین ئەکا
|