چاوێ هەڵبێنە ...
|
گیانە بە عیشوە بەس خۆت بنوێنە
|
ئارام لە دڵی عاشق مەسێنە
|
تۆ بی و جوانیت جەفا مەنوێنە
|
وەکوو عاشق چاوێ هەڵبێنە
|
بە چینی زوڵف و پەرچەمی زەردت
|
بە ورشەو پرشەی گۆنای بێگەردت
|
بە لەهجەی خۆش و شیرینی فەردت
|
هەر من موبتەلام بە داوی دەردت
|
سا بە نەزاکەت چاوێ هەڵبێنە
|
عاشقم سەبرم زۆر لا گرانە
|
ڕاستە دڵداری پەنهانی جوانە
|
دڵدار شەرمن بێ زۆر بێ ویجدانە
|
لە کوێ ڕووپۆشین پیشەی جوانانە؟
|
سەرپۆش فڕێدەو چاوێ هەڵبێنە
|
بۆ خۆت ئەزانی گرفتاری تۆم
|
کردەوەی تۆیە زامانی بەسۆم
|
بۆ تۆ دێوانەو دیل و ڕەنجەڕۆم
|
خۆشم نازانم ڕووەو کوێ برۆم
|
بۆ منی هەژار چاوێ هەڵبێنە
|
ئەزانم نەرم و نازک و تەڕی
|
بە خشڵی جوانی پۆشتەو بەفڕی
|
ڕەنگینی دەڵێی گوڵە شەستپەڕی
|
پێم ناڵێی بۆچی لێمان بە شەڕی
|
یا جوابێ بدە یان چاو هەڵبێنە
|
بۆ خۆم فامانم ئەبێ بە ئێشم
|
ئەبێ بە نەشتەر دڵەی پڕ ئێشم
|
ئەبێ بە ئازار دەروونی ڕێشم
|
هەتا کەی سەزاو ناسۆر بکێشم
|
بۆ دەوای دەردم چاوێ هەڵبێنە
|